Zein Khalil,Gülşen Topçu
11 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2023
قودس – AA
سەرۆکی پارتی "داهاتوو هەیە"، یائیر لاپید کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە ئیسرائیل رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا سەرۆکی رادیکاڵترین و شکستخواردووترین حکوومەتە.
دوای ئەوەی ناتانیاهو کابینەی پێشووی حکوومەتی بە سەرۆکایەتی نەفتالی بێنێت و لاپید بە بەرپرسیاری داکشانی هێزی رێگریکردنی وڵاتەکەی لەقەڵەم دا، وەڵامدانەوەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی لە تویتەر بە دوای خۆیدا هێنا.
یائیر لاپید نووسیوویەتی: "لە کاتێکدا دوژمنان لە کۆڵانەکان خوێنی خوشک و براکانمان دەڕێژن، سەرۆکوەزیران لەبەرامبەر خەڵکدا کۆنترۆڵ لەدەست دەدات. لە رێگای ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانییەوە ئەو کێشانەی هۆکارەکەیان بۆ رادیکاڵترین و شکستخواردووترین حکوومەت دەگەڕێتەوە، بە ملی کەسانی دیکەدا دەهێنێت. کاتی ئەوە هاتووە ناتانیاهو و وەزیران خۆیان لە بەرپرسیارێتی نەدزنەوە".
یائیر لاپید ئاماژەی بەوەیش دا هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناتانیاهو بۆ لەکارلادانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یۆئاڤ گاڵانت هەنگاوێکی دروست بووە.
لای خۆیشیەوە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نەفتالی بێننێت لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر لەبارەی گوتەکانی ناتانیاهووە رایگەیاند: "بەپێچەوانەی ئەوەی ئیسرائیل پێویستی پێیەتی، گوتەکانی دەبنە هۆی جەمسەرگیری و مایەی شەرمن".
نەفتالی بێننێت هەروەها بە کەناڵ ١٢ی ئیسرائیلی راگەیاندووە لە ئایاری ٢٠٢١ کاتێک ئەو بووەتە سەرۆکوەزیران هەوڵ دراوە برینەکانی ئەو پەلامارانە ساڕێژ بکرێن کە لە غەززەوە کراونەتە سەر ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە دا لە سەردەمی ئەودا، سنوورەکانی کەرتی غەززە زۆر ئارام بوون.
هەروەها وەزیری پێشووی دارایی ئیسرائیل، ئاڤیگدۆر لیبەرمان داوای لە پارتی لیکود کرد، ناتانیاهو لە سەرۆکایەتی پارتەکە دوور بخاتەوە و دەڵێت: "ناتانیاهو سەلماندی کە کەسێک نییە شایستەی پۆستی سەرۆکوەزیران بێت و بەرپرسیارێتی کارەکانی هەڵناگرێت".
ئێوارەی دوێنێ ناتانیاهو کابینەی پێشووی حکوومەتی وڵاتەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەخۆڕایی یەدەگەکانی غازی ئیسرائیلیان رادەستی حزبوڵڵای لوبنانی کردووە، بە بەرپرسیاری داکشانی هێزی رێگریکردنی وڵاتەکەی لەقەڵەم دا و بەڵێنی دا ئەم هێزە جارێکی دیکە بە دەست دەهێننەوە و ئارامی لە سنوورەکانی قودسی رۆژهەڵات بەدەست دەهێنن.