Orhan Onur Gemici, Özcan Yıldırım
13 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2026
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەم کێشەیەی بووەتەهۆی لەدەستدانی دەیان هەزار گیانمان و ٤٠ ساڵی وڵاتەکەمان، پشتیوان بە خودا بە دەست لەناو دەستی دەوڵەت و گەل بۆ هەمیشە چارەسەر دەکەین. ئەو پێشنیارە یاسایەی سێ ڕۆژ پێش ئێستا بە ٤٦٧ دەنگ لە پەرلەمانە غازیماندا پەسەند کرا، وەک هەنگاوێکی مێژوویی دەبینین".
لە میانی بەشداری کردنی لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی ئەکادیمیای جەندەرمە و پاسەوانی کەناراوەکان، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە تواناکانی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: "لە قۆناغێکدا کە سیستمی نێودەوڵەتیی لەگەڵ هەژینەکاندا ململانێ دەکات، وەک تورکیا هێزی خۆمان نوێ دەکەینەوە و بە هەنگاوی سەلامەت بەرەو ئامانجەکانمان هەنگاو دەنێین".
ڕاشیگەیاند: "بە هەنگاوە دیپلۆماسییە فرەڕەهەندەکانمان و هاوبەشیە ستراتیجییەکانمان توانای بەرپەرچدانەوەی سەربازییمان پتەوتر دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر لێهاتوویی تورکیا کردەوە لە پیشەسازی بەرگرییدا و، ڕایگەیاند: "پیشەسازی بەرگریمان کە جیهان بە سەرسامییەوە لێیدەڕوانێت، بە ئەندازیاران و سەرچاوەی مرۆیی خۆمان پەرەی پێدەدەین".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا هەردەم پشتیوانی ستەمدیدەکان بووە و، ڕایگەیاند: "تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرگریی لە مافی ستەمدیدەکان دەکات و، بەبێ سڵکردنەوە کار بۆ ڕاستی دەکات و لایەنی ڕاستی مێژوو دەگرێت".
سەبارەت بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەم کێشەیەی بووەتەهۆی لەدەستدانی دەیان هەزار گیانمان و ٤٠ ساڵی وڵاتەکەمان، پشتیوان بە خودا بە دەست لەناو دەستی دەوڵەت و گەل بۆ هەمیشە چارەسەر دەکەین. ئەو پێشنیارە یاسایەی سێ ڕۆژ پێش ئێستا بە ٤٦٧ دەنگ لە پەرلەمانە غازیماندا پەسەند کرا، وەک هەنگاوێکی مێژوویی دەبینین".
سەرکۆمار ئەردۆغان سوپاسی پێزانینی ئاڕاستەی هەموو ئەو کەسانە کرد کە هاوکار و ماندووبوون بە پێشنیارە یاساکەوە و، ڕایگەیاند: "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە ئامادەکردنیەوە تا پەسەندکردنی پێشنیارەکە ماندوو بوون و هاوکار بوون، بەتایبەت بەڕێزان باخچەلی و کورتوڵموش".
گوتیشی: "پشتیوان بە خودا لە تورکیایەکدا کە سێبەری تیرۆری لێ دوور کەوتووەتەوە، لە سەدەی ئارامیدا گۆرانی نوێی برایەتیی دەڵێینەوە. گەیشتنە مەنزڵى دیدگامان لە بارەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر، گرنگییەکی زۆری هەیە".