ئاک پارتی کە بە سهركردایهتی سەرکۆمار و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕۆژی دامەزراندنیيەوە لە ساڵی ٢٠٠١هوه تا ئهمڕۆ توانیوێتی لە گشت هەڵبژاردنە گشتییەکاندا وەک پارتی یەکەم سهركهوتن بهدهستبهێنێت و، لە دەستپێکی قۆناغی فرەپارتیيەوە لە تورکیا لە ساڵی ١٩٤٦ەوە تا ئیستا، ڕیکۆردێکی نەشکێنراوی تۆمار کردووە، چارەکە سەدەیەکی تهمهنی لە گۆڕەپانی سیاسییدا تێپەڕاند.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو کۆیکردووەتەوە، ئاک پارتی کە بە سهركردایهتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ١٤ی ئابی ٢٠٠١دا وەک ٣٩هەمین پارتی تورکیا چووە ناو ژیانی سیاسیی تورکیاوە، یادی ٢٥هەمین ساڵهی له سیاسەتدا دهكاتهوه.
ئاک پارتی لەلایەن بزووتنەوەی ئهردهمیلهرەوە بە سهركردایهتی سەرۆکی پێشووی گهورهشارەوانی ئیستانبوڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دامەزرا.
جەختکردنەوەی ئەردۆغان كه لە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی ئاك پارتیدا ڕایگهیاند: "ئهمڕۆ لە مێژووی سیاسیی تورکدا وەک ڕۆژی لەدایکبوونی ئاک پارتی کە لەلایەن کەسانی عاشقی خزمەت کردنەوە دامەزراوە تۆمار دەکرێت، ئیدی لەمڕۆ بەدواوە لە تورکیاماندا هیچ شتێک وەک جاران نابێت"، وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی سیاسیی تورکدا وەرگیرا.
دوای تەواوبوونی پرۆسەی دامەزراندنی پارتهكه، لە کۆبوونەوەی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاک پارتیدا لە ١٦ی ئابدا، ئەردۆغان بە تێکڕای دەنگ بە سەرۆکی گشتیی پارتهكه هەڵبژێردرا. بەم شێوەیە گەشتە سیاسییەکەی ئاک پارتی دەستیپێکرد، کە بە پێشکەشکردنی چوار سەرۆکوەزیران و دوو سەرکۆمار و سەرکەوتنەکانی هەڵبژاردن دروستبوو.
ئاک پارتی ١٥ مانگ دوای دامەزراندنی بە دروشمی "بە تەنیا بەرەو کار" لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی سێی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢دا کە بەهۆی قەدەغەکاری سیاسییەوە بێ بەش بوو لە ئەردۆغانی سهركردهی، بە بهدهستهێنانی سەدا ٣٤،٢٨ی دەنگەکان وەک پارتیی یەکەم دەرچوو و، ٥٨هەمین حکوومەتی بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا گیول پێكهێنرا.
سەرۆکی گشتیی ئاك پارتی ئەردۆغان، دوای هەڵگرتنی قەدەغەی سیاسیی لە ٩ی ئاداری ٢٠٠٣دا لە هەڵبژاردنە دووبارەکراوەکەی سێرتدا وهك پەرلەمانتار ههڵبژێردرا.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی ٥٨هەمین حکوومەت بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا گیول، ئەردۆغان لەلایەن ١٠هەمین سەرکۆماری ئهو كاتهی توركیا، ئەحمەد نەجدەت سهزەر-ەوە ڕاسپێردرا و لە ١٥ی ئاداری ٢٠٠٣دا ٥٩هەمین حکوومەتی کۆماری تورکیای پێکهێنا و بووە سەرۆکوەزیران.
ئاک پارتی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٢٠٠٤دا بە بهدهستهێنانی سەدا ٤١،٧ی دەنگەکان بووە پارتی یەکەم و، ههزار و ٧٥٠ شارەوانی بردەوە، كه١٢ گهوره شارەوانی بوون.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٠٧دا دەنگەکانی بۆ سەدا ٤٦،٥٨ بەرز کردەوە و، مانهوهی له دهسهڵات به تهنیا پاراست و، هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٢٠٠٩شی بە بەرزترین ڕێژەی دەنگ بردهوه.
سكاڵانامهی داخستنی ئاک پارتی و قەدەغەکردنی كاری سیاسی بۆ ماوهی پێنج ساڵ بۆ ٧١ کەسایهتی ئاك پارتی، لەوانەش سەرکۆمار گیول و سەرۆکوەزیران ئەردۆغان، لە ١٤ی ئاداری ٢٠٠٨دا پێشکەشی دادگای دەستووری کرا و، لە ٣١ی ئاداردا وەرگیرا.
لە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٠٨دا بڕیار لەسەر داواکە درا و بەهۆی بەدەستنەهێنانی زۆرینەی یاسایی لەلایەن دادگاوە (٦ دەنگی پشتیوانی لە داخستن بەرامبەر پێنج دەنگی دژ)، داوای داخستنی ئاک پارتی ڕەت کرایەوە.
لە ڕاپرسی گشتیی ٢٠١٠دا بە سەدا ٥٧،٨٨ دەنگی بهڵێ هەموارکردنی دەستوور پەسەند کرا. ئاک پارتی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠١١دا سەدا ٤٩،٨٣ و، لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٢٠١٤دا سەدا ٤٥،٥٤ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ٨١٨ شارەوانی بردەوە، لهوانهیش ١٨یان گهوره شارەوانی بوون.
لە ١٠ی ئابی ٢٠١٤دا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە بهدهستهێنانی سەدا ٥١،٧٩ی دەنگەکان بووە یەکەم سەرکۆمار کە بە دەنگی ڕاستەوخۆی خەڵک هەڵبژێردرا و ١٢هەمین سەرکۆماری تورکیا.
دواتر پەرلەمانتاری کۆنیا، ئەحمەد داودئۆغڵو بووە سەرۆکی گشتیی پارتەکە و لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی یهكی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا به تهنیا دهسهڵاتی بەدەستهێنایەوە.
لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٦دا بیناڵی یڵدرم وەک سەرۆکی گشتیی پارتهكه هەڵبژێردرا و وهك سهرۆكوهزیران ٦٥هەمین حکوومەتی توركیای پێكهێنا.
هەوڵی کودەتا خوێناوییەکەی فەتۆ لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦دا بە بەدەنگەوەهاتنی داواكهی سەرکۆمار ئەردۆغان لەلایەن هاووڵاتیانەوە پووچەڵ کرایەوە و، هاودهنگیی ئاک پارتی و مەهەپە لە دوای ١٥ی تەمووزدا بووە بنەمای هاتنهئارای هاوپەیمانی جومهور.
لە ڕاپرسیی ١٦ی نیسانی ٢٠١٧دا کە بە ڕەزامەندی سەدا ٥١،٤١ی دەنگەکان پەسەند کرا، بڕیار لەسەر پەڕینەوە بەرەو سیستمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمار درا و مەرجی بڕینی پەیوەندی سەرکۆمار بە پارتەکەیەوە هەڵگیرا. بەمەش سەرکۆمار ئەردۆغان دوای ٩٧٩ ڕۆژ گەڕایەوە نێو ئاک پارتی و لە کۆنگرەی سێههمی نائاسایی لە ٢١ی ئایاری ٢٠١٧دا دوای ٩٩٨ ڕۆژ سەرلەنوێ بە سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی هەڵبژێردرایەوە.
بەم هەموارکردنەی یاسای هەڵبژاردن کە ڕێگای دا بە هاوپەیمانی سیاسیی، هاوپەیمانی جومهور لە نێوان ئاک پارتی و مەهەپەدا دروست بوو. لەسەر پێشنیاری سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا درا.
لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیراندا، ئەردۆغان بە سەدا ٥٢،٥٩ی دەنگەکان بووە یەکەم سەرکۆماری سیستمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمار و، ئاک پارتی بە بهدهستهێنانی سەدا ٤٢،٥٦ی دەنگەکان ١٣هەمین هەڵبژاردنی به پلهی یهكهم بردهوه. ئەردۆغان لە نۆی تەمووزدا لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی خوارد و یەکەم کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری لە هەمان ڕۆژدا ڕاگەیاند.
لە شهشهەمین کۆنگرەی گشتیی ئاک پارتیدا لە ١٨ی ئابی ٢٠١٨دا ئەردۆغان سەرلەنوێ بە سەرۆکی گشتی هەڵبژێردرایهوە.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٢٠١٩دا ئاک پارتی و مەهەپە هاوپەیمانی جومهوریان لە ٥١ پارێزگادا درێژە پێ دا، بەتایبەت لە ٣٠ شارەوانی گەورەدا (ئاک پارتی لە ٢٧یاندا و مەهەپەش لە ئادەنا، مێرسین و مانیسا کاندیدیان ههبوو). ئاک پارتی بە سەدا ٤٤،٣٣ی دەنگەکان سهرلهنوێ بووەوه به پارتی یەکەم.
پرۆسەی حهوتهەمین کۆنگرەی گشتیی ئاک پارتی بەهۆی پەتا جیهانیەکەی كۆرۆنا (کۆڤید-١) لە تورکیادا پشووی تێکەوت، بەڵام دوای ئاساییبوونەوەی ڕەوشەکە لە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢١دا کۆنگرەکە بەڕێوەچوو و، ئەردۆغان سەرلەنوێ بە سەرۆکی گشتی هەڵبژێردرایەوە.
لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٣دا، لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرکۆمار ئەردۆغان بڕیاری پێشخستنی هەڵبژاردنەکانی بۆ ١٤ی ئایار واژوو کرد. لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا ئاک پارتی ٢٦٨ كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لە گەڕی دووەم لە ٢٨ی ئایاردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە بهدهستهێنانی سەدا ٥٢،١٨ی دەنگەکان سەرلەنوێ بە سەرکۆمار هەڵبژێردرایەوە، بەمەش ئاک پارتی وەک تهمهن درێژترین پارتی دەسەڵاتدار لە مێژووی فرەپارتییدا له توركیا پێگهی خۆی پاراست.
لە چوارهەمین کۆنگرەی گشتیی نائاسایی پارتەکەدا لە حهوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، سەرکۆمار ئەردۆغان سەرلەنوێ بە سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی هەڵبژێردرایەوە.
ئاک پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ئیدارە ناوخۆییەکانی ٣١ی ئاداردا بە بهدهستهێنانی سەدا ٣٥،٤٩ی دەنگەکان ٢٤ پارێزگا و ٣٥٧ شارەوانی قهزای بردەوە.
لە دوای هەڵبژاردنەکان، لە ڕێكخستنهكانی ئاک پارتیدا لە چەندین پارێزگا لەوانەش ئادیامان، غازیعەنتاب، شانلیئورفا، مێردین و باتمان، سەرۆکی پارێزگاکان گۆڕدران و پرۆسەی نوێکردنەوە لە کادرەکاندا دەستیپێکرد.
ئاک پارتی لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥دا، ههشتهەمین کۆنگرەی گشتیی ئەنجام دا و، ئەندامانی ئهنجوومهنی ناوهندی پارتهكه و دەستەکانی دیکەی دیاری کرد، کە تیایدا سەدا ٥٢ی ئهنجوومهنهكه نوێ کرایەوە. هەروەها بەپێی هەموارکردنی پەیڕەوی پارتهكه سێ سەرۆکایەتی نوێ بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی تورک، سیاسەتەکانی تەندروستی و سیاسەتەکانی فەرهەنگ و هونەر دامەزرێنران.
دوای کۆنگرەی ههشتهمی گشتیی، پرۆسەی نوێ کردنەوە دەستیپێکرد و ١٥ سەرۆکی لقی پارتهكه له پارێزگاكان بەتایبەت لە ئادەنا، ئەردەخان، بەدلیس، چاناککالە، دیاربەکر و سێرت گۆڕدران.
لە ئامانجی پرۆسهی تورکیای بێ تیرۆردا کە بە بانگەوازی سهرۆكی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی و پشتیوانی سەرکۆمار ئەردۆغان دەستیپێکرد، هەنگاوی گرنگ نرا. بۆ ئەم مەبەستە کۆمسیۆنی هاودهنگیی نیشتمانیی، برایەتیی و دیموکراسیی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموشەوە دامەزرا و لە پێنجی ئابی ٢٠٢٥دا دەستی بە کارەکانی کرد.
ڕاپۆرتی کۆميسیۆنهكه لە کۆبوونەوەی ٢١هەمیندا پەسەند کرا و پێشنیاری یاسای پەیوهست بە بەهێزکردنی هاودهنگی نیشتمانیی و یەکگرتووی کۆمەڵایەتی لە پێنجی ئابی ٢٠٢٦دا پێشکەشی پەرلەمان کرا. ئەم پێشنیارە کە ئامانجی دیاریکردنی ڕێکارەکانی دواخستنی جێبەجێ کردنی حوکمەکانە دوای بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لەسەر چەکداماڵینی ڕێكخراوی تیرۆریستیی پەکەکە، لە ١٠ی ئابدا بە ٤٦٧ دەنگی بهڵێ لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا و بووە یاسا.
news_share_descriptionsubscription_contact


