Şerife Çetin
20 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2023
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سەبارەت بە بڕیارەکەی ئیسرائیل لەبارەی بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ ئاماژەی بەوە کرد کە ''هەست بە نیگەرانی قووڵ و ناڕەحەتی دەکات'' و داوای لە ئیسرائیل کرد بە پەلە هەموو چالاکییەکانی لەو بارەیەوە رابگرێت و پاشگەزببێتەوە لە بڕیارەکەی.
نووسینگەی گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، راگەیەندراوێکی پەیوەست بە بابەتەکە بڵاوکردەوە.
گوتیرێس باسی لەوە کرد کە ''هەست بە نیگەرانیی قووڵ و ناڕەحەتی دەکات'' سەبارەت بە پلانی ئیسرائیل بۆ بنیاتنانی زیاتر لە چوار هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ و، ئەو پلانە چالاکییەکانی ئیسرائیل پەیوەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون خێرا دەکات.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی ئیسرائیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە، لە هەمان کاتدا رێگری دەکات لە چارەسەر دوو دەوڵەتی و ئاشتیی دادپەروەر و درێژخایەن.
- سەرچاوە سروشتییەکانی گەلی فەڵەستین زەوت دەکرێت
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، ئاماژەی بەوە کرد کە فراوانکردنی یەکەکانی نیشتەجێنوونی نایاسایی گرژیی و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە، هاوکات داگیرکاری ئیسرائیل قووڵ دەکاتەوە و سەرچاوە سروشتییەکانی گەلی فەڵەستین زەوت دەکات.
گوتیرێس داوای لە حکوومەتی ئیسرائیل کرد بە پەلە هەموو چالاکییەکانی بنیاتنانی یەکەی نیشتەجێبوون لە خاکی داگیرکراوی فەڵەستیندا رابگرێت و پاشگەزببێتەوە لە بڕیارەکەی و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی بەجێبگەیەنێت.