Muhammet Tarhan
23 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2022
ئەنقەرە-AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بهپێویستی زانی سوید لە نیگەرانییەکانی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تێبگات و رایگهیاند: "جگە لەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەبێت بەبێ ئەوەی بکەوینە دۆخی بانێكه و دوو ههوا، هەموو پێکەوە هەماهەنگیی بکەین. لێدوانەکانی ئێوە دەبینین بەڵام دەمانەویت بەشێوەیەکی روون هەنگاوی کرداری ببینین".
مهولود چاوشئۆغڵو لە میانی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەی کە لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید، تۆبیاس بیڵسترۆم لە ئەنقەرە ئەنجامیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەی زۆر بەرهەمداریان لەگەڵ هاوتا سویدییهكهی ئەنجامداوە.
چاوشئۆغڵو ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە سەرکردەکانی هەردوو وڵات کۆبوونەتەوە، کۆبوونەوە تەکنیکی و سیاسییەکان بەردەوامن و سەردانی جۆراوجۆر لە هەردوولاوە ئەنجامدراوە و رایگەیاند لە داهاتووشدا پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی تەکنیکی و سیاسی بەردەوام دەبێت.
باسی لەوەش کرد کە وەزیری بەرگریی سوید، پال جۆنسۆن-یش له کانوونی دووەمدا سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار تەواوی پێواژووەکە هەڵدەسەنگێنن.
- "ئەوەش دەبینین کە بازنەکانی سەربە پەکەکە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ و خۆپیشاندانەکانی دژبە تورکیایان زیاد کردووە"
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هاوتاکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە داواكاریی سوید و فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشهاتێکی گرنگە و جەختی لەوە کردەوە ئهو دوو وڵاته لە نیگەرانییە ئەمنییەکان تێگەیشتوون و پاڵپشتیی سیاسەتی دەرگای کراوەی ناتۆ دەکەن.
مهولود چاوشئۆغڵو ئەو پێواژووەی ئاشکرا کرد کە لە دوای پێشکەشکردنی داواکاری سوید و فینلاند، له باسکردنی نیگەرانییەکانی تورکیاوە دەستی پێکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لەو لێکتێگەشتنە سێقۆڵییەی لە مەدرید لە نێوان تورکیا-فینلاند-سوید واژوو کرا زۆر بە روونی نیگەرانییەکانی تورکیا باس کراوە.
چاوشئۆغڵو سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لەلایەکی دیکەوە "چالاکی دارایی، بانگەشە کردن و چەکدارکردنی کەسانی تازە"ی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە بەردەوامە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو یاسا و دەستوورەی کە لە سوید هەموارکراوەتەوە لەگەڵ ساڵی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە بەڵام دەیانەوێت لە ساڵی تازەدا هەڵوێستێکی روون بە ئاڕاستەی ئەمانە ببینن.
ئاشكراشیكرد، لایەنگر و هەوادارانی پەکەکە لە تورکیا و لە ئەورووپاش هەوڵی زۆر بۆ رێگرگرتن لە ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆ دەدەن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە چاوەڕوانی پاڵپشتیی سوید دەکەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رایگهیاند: "چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە لە نیگەرانیی وڵاتێک تێبگەن کە دەتانەوێت ببن بە هاوپەیمانی.جگە لەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەبێت بەبێ ئەوەی بکەوینە دۆخی بانێكه و دوو ههوا، هەموو پێکەوە هەماهەنگیی بکەین. لێدوانەکانی ئێوە دەبینین بەڵام دەمانەویت بەشێوەیەکی روون هەنگاوی کرداری ببینین. ئەوەش دەڵێین کە بە سوپاسەوە پێشوازیی لە هەندێک هەنگاو دەکەین کە هاویشتووتانه، واتا پشتگوێیان ناخهین. بەڵام هێشتا هەنگاوی زۆر ماوە کە دەبێت بیهاوێژن. هەنگاوی گرنگ هەیە".