Mohammed Baqi Hussein
24 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2016
ئەو شەپۆلە بەفرەی كە رۆژهەڵاتی ئەمریكای گرتۆتەوە، لە هەردوو شاری واشنتۆن و نیویۆرك و چەندین شاری دیكە، ژیانی خەڵكی دژوار كردووە.
شەپۆل و گەردەلوولی بەفراوی ناسراو بە جۆناس كە لە دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینییەوە دەستی پێ كردووە، كاریگەری نەرێنی لە ژیانی خەڵكی كردووە لە واشنتۆن.
لە بەشێكی زۆری شارەكەدا بەرزی بەفرەكە دەگاتە 60 سانتیمەتر و ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی كێشە بۆ هاتوچۆ.
لە واشنتۆنی پایتەخت رۆژی شەممە و یەكشەممە گەشتەكانی میترۆ و پاس راگیراون و بەرپرسان لەوبارەوە وەبیری دەهێننەوە كە تەنها لە 2012دا بەهۆی گەردەلوولی ساندییەوە بۆ ماوەی 36 سەعات گەشتەكانی میترۆ راگیراوبوو.
راشیدەگەیەنن ماوەی 40 ساڵە راگیرانی گەشتەكانی میترۆ و پاسەكان هێندە درێژەی نەكێشاوە.
لەكاتێكدا بەهۆی گەردەلوولەكەوە ئاستی بینین بۆ كەمتر لە مەترێك دابەزیوە، خێرایی با هەندێكجار دەگاتە 50 كیلۆمەتر لە یەك سەعاتدا.
بەهۆی گەردەلوولەكەوە لە 11 ویلایەتی ئەمریكا باری نائاسایی راگەیەنراوە و 8 هەزار و 600 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراوەتەوە.
كارەكانی رشتنی خوێ لە رێگاوبانەكانی شاری واشنتۆن درێژەی هەیە و بەمەبەستی كردنەوەی رێگاكان، ژمارەیەكی زۆر ئامێری لادانی بەفر كاردەكەن. هاوكات لە ویلایەتی ڤیرجینیا تیمێكی 500 كەسی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
شارەزایانی كەشناسی رایدەگەیەنن كە جۆناس یەكێكە لەو 5 گەردەلوولەی تا ئێستا زۆرترین كاریگەرییان لە واشنتۆن كردووە و چاوەڕوان دەكرێت دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ كاریگەرییەكانی بەرەو نەمان بچێت.