Muhammed Kılıç,Nuri Aydın
23 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا "پێنتاگۆن" ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەمنی ئەمریکا و عێراق بۆ تاوتوێکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەبواری ئەمنییدا، کۆبوونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پات ڕایدەر بە ڕۆژنامەوانانی ڕايگەیاند: "پێنتاگۆن میوانداری گفتوگۆی ھاریکاری ئەمنی ھاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کردووە".
ڕاشیگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق تا ڕۆژی سێشەممە، بەردەوام دەبێت".
ڕوونیشیکردەوە کە گفتوگۆی ھاریکاری ئەمنی ھاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق لەسەر بنەمای کاری لیژنەی باڵای سەربازیی دەستی پێکراوە.
لیژنەی باڵای سەربازیی لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کە لە نیسانی ڕابردوودا لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، پێکھێنراوە.
باسی لەوەشکرد کە بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق، وادەی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق و چۆنێتیی گۆڕینی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بۆ ھەماھەنگی ئەمنی دووقۆڵی، تاوتوێ دەکەن.
دووپاتیشی کردووەتەوە کە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی ئەم ھەفتەیە، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی دوو وڵاتە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییە دووقۆڵییەکان لەسەر بنەمای کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی لەم چەند مانگەی دواییدا.
گوتیشی: "ئەم کۆبوونەوەیە ھاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەیەمین ساڵیادی ئەرکی سەربازیی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق".