Muhammed Semiz
11 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2022
رامەڵڵا-AA
ھێزەکانی ئیسرائیل لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو تەقەیان لە ژنێکی دیكهی فەڵەستینیی كرد و کوشتیان.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستینەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، لە ئاکامی تەقەی ھێزەکانی ئیسرائیل لە نزیک مزگەوتی حەرەمی ئیبراھیم لە شاری خەلیل لە کەناری رۆژئاوا، ژنێکی فەڵەستینی گیانی لەدەستداوه.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھێشتا ناسنامەی ئەو ژنە فەڵەستینییە دهستنیشان نهكراوه.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی فەڵەستین، کە بۆ شایەتحاڵەکانی گەڕاندووەتەوە، ھێزەکانی ئیسرائیل بە فیشەکی راستەقینە تەقەیان لە ژنێکی فەڵەستینی کردووە و بەسەختی برینداریان کردووە، ژنەکە بۆ ماوهیەک بە برینداری ماوەتەوە و لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
ھێزەکانی ئیسرائیل جگە لەوە، ناوچەکەیان بە "ناوچەی داخراوی سەربازیی" راگەیاندووه و نەیانھێشتووه تیمەکانی تەندروستی بچنە شوێنی رووداوەکە.
- بانگەشەی ھێرش بە چەقۆ لهلایهن سوپای ئیسرائیلهوه
هاوكات لەو راگەیەندراوەدا کە لە سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، بانگەشەی ئەوە کراوە کە لە شاری خەلیل ژنێکی فەڵەستینی بە چەقۆ ھێرشی کردووەتە سەر ھێزەکانی ئیسرائیل.
ههروهها باس لەوە کراوە کە سەربازێکی ئیسرائیلی لە ئهنجامی رووداوەکەدا بە سووکی برینداربووە و سەربازەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە ژنەکە کردووە و کوشتوویانە.
پێشتر لە شاری بەیتلەحمی کاناری رۆژئاوا ژنێکی فەڵەستینی تەمەن ٤٧ ساڵان لە ئاکامی تەقەی ھێزەکانی ئیسرائیل گیانی لەدەستدابوو.