Yusuf Özcan
11 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2022
پاریس-AA
بەپێی راپرسییەکانی سەر سندووقهكانی گەڕی یەکەمی دەنگدان له ههڵبژاردنی سەرۆكایهتی کۆماری فەڕەنسا، سەرکۆماری وڵاتهكه، ئیمانوێل ماکرۆن و بەربژێری راستڕەوی توندئاژۆ، مارین لۆپێن گهیشتنه گەڕی دووەم.
گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری فەڕەنسا کە ١٢ بەربژێر تێدا کێبڕکێیان دەکرد، کاتژمێر ٢٠:٠٠ بەکاتی پاریس کۆتایی ھات.
بەپێی راپرسیی سەر سندووقەکانی دەنگدان کە کەناڵ فرانس ئینفۆ-ی حکوومی، لۆ مۆند و فڕانس ٢٤ ئامادەیان کرووە، لە گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکاندا ھیچ بەربژێرێک سەدا ٥٠ی دەنگی پێویستی بۆ بوون بە سەرکۆمار بەدەست نەھێناوە.
بهپێی راپرسییهكان، ئیمانوێل ماکرۆن لهرێگهی بەدەستھێنانی سەدا ٢٨،١ی دەنگەکان براوەی یەکەمی گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بووە. مارین لۆپێن-یش لهرێگهی بەدەستھێنانی سەدا ٢٣،٣ی دەنگەکان براوەی دووەم بووە.
بەربژێری چەپڕەوی توندئاژۆ، جان-لوک مێلێنچۆن، سەدا ٢٠،١، راستڕەوی توندئاژۆ، ئێریک زەمۆر سەدا ٧،٢ و بەربژێری پارتی کۆمارییەکان، ڤالێریی پیسەرێس سەدا ٥ی دەنگەکانی بەدەستھێناوه.
ههروهها سەرۆکی پارتی سەوزەکان و پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەورووپا، یانیک ژادۆت سەدا ٤،٤ی دەنگەکان و بەربژێری پارتی سۆسیالیست و سەرۆکی شارەوانی پاریس، ئانا ھیدالگۆ سەدا ٢،١ی دەنگەکانی بەدەستھێناوه.
ماکرۆن و لۆپێن کە براوەی یەکەم و دووەمی گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانن، رۆژی ٢٤ی نیسان لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنەکاندا بەردەوامی بە کێبڕکێكه دەدەن.
ئەنجامە فەرمییەکانی گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان رۆژی ١٣ی نیسان لەلایەن دادگای دەستوورییەوە رادەگەیهندرێت.
ئەو بەربژێرەی کە گەڕی دووەمی ههڵبژاردنهكان دەباتەوە تا ١٣ی ئایار ئەرکەکەی وەردەگرێت.
ماکرۆن و لۆپێن لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧شدا لە ریزبەندی یەکەم و دووەمدا بوون و دوای ئەوەی ماکرۆن گەڕی دووەمی بە ئەنجامی سەدا ٦٦،١ بردبوویەوە، وەک سەرکۆمار ھەڵبژێردرابوو.