Zana Natık Kerem
23 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2018
بەیت لەحم ــ AA
رایگەیەندرا کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ھێزێکی سوپای ئیسرائیل ھەڵیکوتاوەتە سەر کەمپی دهێشە کە تایبەتە بە پەنابەرانی فەڵەستینی لە باشووری کەناری رۆژئاوا و لە میانیدا رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان سەربازانی ئیسرائیل و ھاووڵاتییانی فەڵەستینیدا روویداوە.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی حوسێن لە شارۆچکەی بەیت جالا نزیک بەیت لەحەم بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندووە کە لە میانی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکەدا، منداڵێکی فەڵەستینی تەمەن ١٣ ساڵ بە گولـلەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل شەھید کراوە.
شاھید حاڵەکان لە کەمپەکە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان رایگەیاندووە ئەو منداڵەی کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە شەھید کراوە ناوی، ئەرکان سائر مزھەر-ە.
شاھید حاڵەکان ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەر لە میانی رووبەڕووبوونەوە و پێکدادانەکەدا، سوپای ئیسرائیل، گولـلەی راستەقینە و پلاستێکی، ھەروەھا گازی فرمێسکڕێژی بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی فەڵەستینی بەکار ھێناوە.
زۆرجار ئەو روووبەڕووبوونەوە و پێکدادانانە لەو کاتەدا روودەدەن کە سوپای ئیسرائیل بە ئامانجی دەستگیرکردنی داواکراوانی فەڵەستینی ھەڵدەکوتێتە سەر شار و شارۆچکەکانی کەناری رۆژئاوا.