Zana Natık Kerem
11 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2018
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە ١٩ ھاووڵاتی فەڵەستینی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە درەنگانی شەوی رابردوو ھەڵمەتێکی لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە میانی ھەڵمەتەکەدا، ١٩ ھاووڵاتی فەڵەستینی بە تۆمەتی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستگیرکراوەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، رەوانەی بنکەکانی ئەمنی کراون.
ناوە ناوە سوپای ئیسرائیل لە کاتەکانی شەودا، ھەڵمەت لە کەناری رۆژئاوا ئەنجام دەدات و بەتۆمەتی جۆراوجۆر ھاووڵاتییانی فەڵەستینی دەستگیردەکات.
بەپێی داتاکانی فەڵەستین، ژمارەی بەندکراوانی فەڵەستین لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە شەش ھەزار کەس.
ھاوکات سوپای ئیسرائیل راگەیاندووە، لەو ھەڵمەتەدا کە بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشەی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە نزیک جوولەکەنشینی عوفرا ناوەڕاستی کەناری رۆژئاوا ئەنجامدرا دەستیپێکردووە، بەردەوامە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ھێرشێکی چەکداریی لە نزیک جوولەکەنشینی عوفرا لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامدرا کە بە ھۆیەوە شەش ئیسرائیلی برینداربوون.