Qais Omar Darwesh Omar
07 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2024
جەنین ــ AA
لە ئاکامی بۆردومانێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر گردبوونەوەیەکی فەڵەستینییەکان لە باکووری کەناری ڕۆژئاوا، شەش کەس کوژران.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە گردبوونەوەیەکی ھاووڵاتییانی فەڵەستینی لە شاری جەنین باکووری کەناری ڕۆژئاوا، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، شەش کەس کوژراون.
ھاوکات ئاژانسی ھەواڵی فەرمی فەڵەستین بڵاوی کردەوە کە لەنێو کوژراوەکاندا، چوار برا ھەن و ڕاشیگەیاندووە، سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە بۆردومانەکەدا کوژراوان، دانیشتووانی گوندی سێ گۆشەی شەھیدانن کە دەکەوێتە باشووری جەنین.
هەر لەوبارەیەوە شایتەحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ھێزێکی سوپای ئیسرائیل ھەڵیکوتایە سەر شاری جەنین.
ئاماژەیان بەوەیشدا کە فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل، کەمپی جەنینی بۆردومان کردووە، بەڵام تا ئێستا زیانەکانی بۆردومانەکە نەزاندراوە.
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو فەڵەستییانەی کە لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا بەھۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەناری ڕۆژئاوا کوژراون، بەزربووەتەوە بۆ ٣٣٢ کەس.