Zana Natık Kerem
17 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2018
قودس – AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە لە میانی ھەڵمەتێکدا کە لە کەناری رۆژئاوا ئەنجامیداوە، ١٠ ھاووڵاتی فەڵەستینی دەستگیرکردووە.
لە بەیاننامەیەکدا، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە کردووە کە ئەو ١٠ ھاووڵاتییە فەڵەستینییەی بەگومانی تێوەگلان لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە کەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
سوپای ئیسرائیل لە کاتەکانی شەودا، ھەڵمەت بە مەبەستی دەستگیرکردنی ھاووڵاتییانی فەڵەستین ئەنجام دەدات.
بەپێی داتاکانی فەڵەستین، ژمارەی بەندکراوانی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، گەیشتووەتە شەش ھەزارو ٥٠٠ کەس کە لە نێویاندا، ٣٥٠ منداڵ، ٦٢ ئافرەت ھەروەھا شەش ئەندامی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەڵەستین ھەن، ھەروەھا لەو ژمارەیە ٥٠٠ بەندکراو بە دەستگیرکردنی کارگێڕی بەبێ دادگاییکردن، بەندکراون، جگە لەوەش ھەزار ٨٠٠یان نەخۆشن کە لە نێویاندا ٧٠٠یان پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەی پزیشکی ھەیە.
لە لایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە کە رووپێوێکی بۆ خانووی ھاووڵاتییەکی فەڵەستینی لە شارۆچکەی یەتا باشووری کەناری رۆژئاوا ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بیڕووخێنێت.
زانراوە کە خانووەکە بۆ ئەو گەنجە فەڵەستینییە دەگەڕێتەوە کە دوێنێ یەکشەممە لە نزیک جوولەکەنشینی "غوش عتسیۆن" باشووری کەناری رۆژئاوا بە چەقۆ ھێرشی کردبووە سەر جوولەکەیەک بە ھۆیەوە گیانی لەدەستداو و دواتر لە لایەن ھێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستگیرکرابوو.