Abdullah Shukur
24 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2017
قودس - AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە دوو تانکی سەر بە رژێمی سووریا و پێگەیەکی نێو خاکی سووریا کە تێدا ھێرشی مووشەکی بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆڵانی ژێر دەستی ئیسرائیل ئەنجامدراوە، بۆردومانکردووە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوە نووسراوەی کە لە سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، وەکو وەڵامدانەوەیەک لە دژی ئەو ھێرشانەی کە لە خاکی سووریاوە کراوەتە سەر خاکی ئیسرائیل، دوو تانکی سەر بە رژێمی سووریا تێکشکێنراوە.
راشگەیەنرا کە ئەو پێگەیەی نێو خاکی سووریا کە تێدا ھێرشی مووشەکی بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆڵانی ژێر دەستی ئیسرائیل ئەنجامدراوە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆرردومانکراوە.
سوپای ئیسرائیل لەوەو پێش رایگەیاندبوو کە بەھۆی بەردەوامی شەڕی ناوخۆی سووریا، بەشێکی ئەو مووشەکانەی کە ھاوێژراون بە ھەڵە کەوتوونەتە باکووری بەرزاییەکانی جۆڵانی ژێر دەستی ئیسرائیل.
لە راگەیەندراوەکەدا جەختیش لەوە کرایەوە کە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی شاری کونەیترای سووریا، رێککاری پێویست گیراوەتە بەر و داواش لەو سڤیلانە کراوە کە لە بەرزاییەکانی جۆڵان دەژین، لە شوێنی کراوە کۆنەبنەوە و نزیکی سنووریش نەبنەوە.
ئیسرائیل لەوەتەی دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ بە بیانووی ھاویشتنی مووشەک لە خاکی سووریاوە بۆ بەرزاییەکانی جۆڵان، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پێگەکانی رژێم و ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حزبوڵای لوبنانی ئەنجام دەدات.
بە شێوەیەکی گشتی ئیسرائیل ئەم ھێرشانە بە فەرمی پشتڕاست ناکاتەوە.