Ramal Abdullah Mahmood
25 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2017
ئیسلام ئاباد – AA
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی وەرگەڕان و ئاگرتێبەربوونی تانکەرێکی نەوت لە پاکستان گیانیان لەدەستدا بۆ ١٤٨ کەس بەرزبۆوە.
بەرپرسە پەیوەندیدارەکان رایانگەیاند، نەتوانراوە گیانی ٢٦ کەس کە لە نزیک شاری باهاڤالپور بە سەختی بریندارببوون رزگار بکرێت و بەمهۆیەوە ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ١٤٨ کەس.
٥١ کەسی دیکە کە بە هۆی رووداوەکەوە برینداربوون گوازراونەتەوە نەخۆشخانەکان، برینی ٤٠ سەختە و مەترسی ئەوە هەیە ژمارەی کوژراوان بەرزتر ببێتەوە.
گومان لەوە دەکرێت ئەم رووداوە لە ئاکامی تەقینی تایە و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ لەلایەن شۆفێرەکەوە روویدابێت. ژمارەیەکی زۆری گوندنشیان بەمەبەستی بردنی ئەو نەوتەی لە تانکەرە وەرگەڕاوەکەوە دزەی کردبوو روویان کردە ئەو ناوچەیە، لەگەڵ گڕگرتنی تانکەرەکە گوندنشینان لەناو ئاگرەکە گیرۆدەبوون.
شایەتحاڵان بانگەشەی ئەوە دەکەن لە ئاکامی داگیرساندنی جگەرە لەلایەن یەکێک لە گوندنشینان کە هاتبوو نەوت بەرێت ئاگر لە تانکەرەکە بەربووە.
دوای هەوڵی چڕوپڕی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەهۆی تاوسەندنی ئاگرەکە شەش ئۆتۆمبێل و ١٢ ماتۆڕ لەکارکەوتن.
ئاماژە بەوە دەدرێت ئەو تانکەرە کە نزیکەی ٢٥ هەزار لیتر نەوتی دەگواستەوە لە شاری کاراچییەوە بەرەو شاری لهۆر بەڕێکەوتبوو.