واشنتۆن
سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا باسیان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پاکستان ھاوپەیمانێکی گرنگ و ستراتیژیی ئەمریکایە. ئاسایشی پاکستان، ھەروەھا ئاشتی و تەبایی لەو وڵاتە تەنیا خزمەتی پاکستان ناکا، بەڵکو خزمەتی ناوچەکە و جیھان بەگشتی دەکات."
ئۆباما گوتی: "سەرۆکوەزیران نەواز شەریف بۆ بەرەو پێشبردنی پاکستان بەرنامە و پلانی گرنگ و باشی ھەیە، ئێمە وەکو ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە و پشتگیریی کردن لە نەواز شەریف ئەوەی لە دەستمانبێ دەیکەین."
ئۆباما ستایشی سیاسەتەکانی نەواز شەریفی کرد و گوتی: "بە ھۆی بەرەو پێشبردنی رەوتی ریفۆرم و گۆڕانکاریی لە پاکستان، دەستخۆشی لە نەواز شەریف دەکەم، بەجێگەیاندنی ئەو رێفۆرمانە لە پاکستان ئاسان نییە ھیوادارم ئابووریی پاکستان لە سەر بنەمایەکی پتەو راوەستێ. بڕیارمانداوە پەیوەندیی بازرگانیی نێوانمان بەھێزتر بکەین."
ئۆباما رایگەیاند: "لە میانی کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی ئەفغانستانمان کرد. ئەمریکا و ھاوپەیمانان ساڵی داھاتوو کۆتایی بە کارو چالاکییەکانی خۆیان دێنن و پرۆسەی گواستنەوە دەست پێدەکات. کاتی دەست پێکردنی پرۆسەکە نەواز شەریف و حکومەتەکەی ئاگادار دەکرێنەوە."
ئۆباما گوتی: "ھەر دووکمان ھاوڕابوون لە سەر ئەوەی کە دەبێ رێز لە سەروەری ئەفغانستان بگیردرێ و پشتگیری لە بەرقەرار کردنی ئارامی و ئاسایش لەو وڵاتە بکرێ."
لە بەشێکی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان گوتی: "بۆ شەڕی دژە تیرۆر لە نێوان پاکستان و ئەمریکا، ھاوپەیمانی و ھاوکاریی بەھێز ھەیە، بڕیارمانداوە ئەو ھاوکارییە بەھێزتر بکرێن."
نەواز شەریف ھەروەھا گوتی: "لە میانی کۆبوونەوەکەدا داوام لە ئۆباما کرد وڵاتەکەی دوایی بێنێ بە ھێرشی فڕۆکە بێ فرۆکەوانەکانی لە سنووری پاکستان. ھەروەھا لەبارەی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی پاکستان زانیاریی و روونکردنەوەی پێویستم پێشکەشی ئۆباما کرد."
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ، لەڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی، لەسەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند: بەھۆی ھێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەپاکستان، دەیانجار پێشێلکاریی کراوەو چەندین کەسی بێ گوناح بوونەتە قوربانی موشکبارانەکانیان.
رێکخراوەکە داوای کردووە ئەمریکاو پاکستان بەر بەھێرشی ئەو فڕۆکانە بگرن.