Eşref Musa
30 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2024
ئەنقەرە – AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت فڕۆکەکانی سەر بە ئیسرائیل زیاتر لە یەکجار بە درێژایی ئەمڕۆ هێرشیان کردبێتە سەر سووریا.
هەژمارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی نزیک لە ڕژێمی سووریا، بانگەشەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر چەند خاڵێکی سەربازیی لە دیمەشق.
دەگوترێت سیستەمی بەرگریی سووریا وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.
لە لایەن ئیسرائیل و هەروەها دەسەڵاتدارانی سووریاوە لەسەر ئەم بابەتە هیچ ڕاگەیاندراوێک بڵاو نەکراوەتەوە.
شەوی ڕابردووش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەروازەی سنووری یابووس لەسەر سنووری نێوان لوبنان و سووریایان بۆردومان کرد.
دیمەشقی پایتەخت و ناوچەکانی دەوروبەری لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سووریا و گرووپەکانی سەر بە ئێران لەوانەش حزبوڵڵا دایە.
لە دەستپێکی جەنگی ناوخۆیی سووریا لە ٢٠١١ەوە تا ئێستا، ناو بە ناو ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی سووریا و گرووپەکانی سەربە ئێران لەو وڵاتە.