Hemn Baban
23 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
کاتژمێر حەوت و ٣٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، سێ چەکدار ھێرشیانکردە سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر و دوای بریندارکردنی پۆلیسێکی پاسەوان توانییان بۆ ماوەی زیاتر لە چوار کاتژمێر لەناو باڵەخانەکەدا بمێننەوە و دوای ھێرشی ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ھەولێر و چەندین خۆبەخش ھەرسێ ھێرشبەرەکە کە ھێشتا یەکلایی نەبووەتەوە سەر بە چی گرووپێکی چەکداریین بکوژرێن، جگە لەوەی فەرمانبەرێکی پارێزگای ھەولێر کە بووەتە قوربانیی رووداوەکە، دوو پۆلیس و کارمەندێکی ئاسایشیش برینداربووە.
بەپێی زانیارییەکان تەمەنی یەکێک لە ھێرشبەرەکان نزیک لە ١٨ ساڵ دەبێت و لەو کاتەی کە ھێشتا دەوامی فەرمی دەستی پێ نەکردووە چۆڵی ناوچەی نزیک لە باڵەخانەکە کە ناوجەرگەی بازاڕی ھەولێرە ھێرشەکەیان کردووە.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە گرووپی چەکداری ھێرش بکەنە سەر باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر کە پێشتر گرووپی تیرۆریستی داعش ھێرشێکی ھاوشێوەیان کرد.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانگەیاندووە.