Sangar Hamad Azeez
20 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لەبارەی بەردەوامیی ئاگربەستەوە رایگەیاند: "رووسیا ئاگربەستی راگەیاند، هەربۆیەش دەبێت چاوەڕێبکەین بزانین مۆسکۆ چی دەڵێت".
جۆن کیری دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شازادەی سعوودیە محەمەد بن نایف لە نیویۆرک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد و تێیدا باسی لە بابەتی ئاگربەستی سووریا کرد.
کیری وەڵامی پرسیاری ''ئایا ئاگربەست درێژکراوەتەوە؟''ی دایەوە و گوتی: "رووسیا ئاگربەستی راگەیاند، بۆیە دەبێت چاوەڕێبکەین بزانین مۆسکۆ چی دەڵێت. بەڵام خاڵە گرنگەکە بریتییە لەوەی رووسەکان بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ شتێک بۆردوومانی ناوچەکان دەکەن، تەنانەت کاروانی هاوکارییە مرۆیەکانیش دەکەنە ئامانج تاوەکو بیخەنەوە ژێر رکێفی ئەسەد. ئێستا چاوەڕێدەکەین و تەماشادەکەین، بزانین ئەوان چی دەکەن، دواتر هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین".
ئاگربەستی سووریا لە ١٢ی ئەیلوولدا بۆ ماوەی ھەفتەیەک راگەیەنرا و لە دوای رێککەوتنەوەی رووسیا و ئەمریکا ئاگربەستەکە دوو رۆژی دیکە درێژکرابووەوە.