Mazın Asad,Abdullah Shukur
30 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2017
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رۆژی ھەینی رابردوو بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتنی ھاووڵاتیانی حەوت وڵاتی موسڵمانی بۆ ئەمریکا قەدەغە کرد، کۆشکی سپی داوای ناوی لیستی ئەو ھاووڵاتییە عێراقییانەی کرد کە ھاوکارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە عێراق پێشکەش کردووە.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پنتاگۆن) جیڤ داڤیس رایگەیاند: "کۆشکی سپی، تایبەت بە عێراق داوای ئامادەکردنی لیستی ناوی ئەو کەسانەی لێمان کردووە کە ھاوکاریی ئەمریکایان لە ئۆپەراسیۆنەکان کردووە".
داڤیس ئاماژەی بەوە دا کە ھێشتا لیستەکەیان تەواو نەکردووە و بۆیە ناتوانن ژمارەیەک لەوبارەیەوە ئاشکرا بکەن و راشیگەیاند ئەو لیستەیەی ئامادە دەکرێت، ئاسانکاری لە رێکاری ڤیزا و ھاتن بۆ ئەمریکا دەکات.
گوتەبێژی پنتاگۆن روونیشی کردەوە کە ھەزاران ھاووڵاتی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەکاندا لە رووی ھەواڵگری، دەستەبەرکردنی پێداویستی سەربازیی و پەیوەندی دیپلۆماسییەوە ھاوکارییان پێشکەش بە ئەمریکا کردووە و گوتیشی: "ھاوبەشێکی زۆرمان لە عێراق ھەیە کە ھەندێکیان وەرگێر و ھەندێکیشیان لە پاڵ ئێمەدا شەڕیان کردووە".
داڤیس گوتیشی: "دەمانەوێت ناوی ئەو کەسانە بزانن کە لە پاڵ ئێمەدا شەڕییان کردووە و ھاوکارمان بوون. بۆیە ھاوکارییەکانیان لە بەرچاو دەگرین".
گوتەبێژی پنتاگۆن لە درێژەدا ئاشکراشی کرد کە لیستەکە لەو کەسانە پێکدێت کە ھاوکارییەکان پێشکەش بە ئەمریکا کردووە لە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش و راشیگەیاند داواکارییەکە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیە لە لایەن کۆشکی سپی ئاراستەیان کراوە.
گوتەبێژەکە راشیگەیاند کە وەزیری بەرگری ئەمریکا جەیمیز ماتیس لەوانەیە بووبێتە راوێژکاری ترەمپ لە دەرکردنی ئەم بڕیارنامەی سەرۆکایەتی، بەڵام پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەو بڕیارنامەکەی پێش رۆژی ھەینی بینیوە بێ وەڵام جێھێشتەوە. داڤیس ئاشکراشی کرد کە نازانن کەوا ئایا ترەمپ ھاوشێوەی ئەو لیستە بۆ وڵاتانی دیکەش داوا دەکات یان نا. بەپێی بڕیارنامەکەی ترەمپ، وەرگرتنی پەنابەران بۆ ئەمریکا بۆ ماوەی سێ مانگ ھەڵپەسێنراوە. ھاوکات ڤیزە بە ھاووڵاتیانی عێراق، سووریا، ئێران، یەمەن، لیبیا، سۆماڵ و سودان بۆ ماوەی سێ مانگ راگیراوە. لە پاڵ ئەمەش رێگە بە گەشتی ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ئەمریکا نادرێت. بڕیارنامەکە لە لایەن ھەزاران کەس لە فڕۆکەخانەکان و ناوەندە گشتییەکان پرۆتێستۆ کرا.
لە لایەکی دیکەش بەڕێوەبەری ھەواڵگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەرھێنران. دەرھێنانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا و بەڕێوەیەری ھەواڵگری نیشتمانی بە پێی بڕیارنامەکەی ترەمپ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بووە مایەی ناڕەزایەتی بەشێکی لایەنەکان، لە کاتێکدا کە ئەمانە لە سەردەمی ئۆباما ئەندامی ئەو ئەنجوومەن بوون. دەیڤیس لە وەڵامی پرسیارێکدا راشیگەیاند کە ئەو دوو پۆستە لە سەردەمی جۆرج بۆشیش ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی نەبوون.