Muhammet Ali Kemal
31 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2017
دوای ئەوەی بریکاری وەزیری دادی ئەمریکا، سالی یەیتس ئاشکرای کرد ئەو بڕیارنامەیە جێبەجێ ناکات کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ واژووکراوە و دەرگا بەڕووی هاووڵاتییانی 7 وڵات کە زۆربەی دانیشتوانانیان موسوڵمانن لە هاتنە ناوەوەیان بۆ ئەمریکا دادەخات، ترەمپ یەیتسی لە کارەکەی دوورخستەوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن کۆشکی سپی ئەمریکاوە، بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە ترەمپ، یەیتسی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە و هاتووە ''بریکاری وەزیری داد، سالی یەیتس رەتیکردووەتەوە بڕیارنامەیەکی یاسایی کە بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتییانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئامادەکراوە جێبەجێ بکات و ناپاکی بەرامبەر بەوەزارەتەکە ئەنجامداوە. یاساییبوونی ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن فەرمانگەی راوێژکاریی یاسایی وەزارەتی دادەوە دانی پێدانراوە''.
کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، سالی یەیتس بەرپرسێک بووە کە سەرۆکی پێشوو، باراک ئۆباما دایمەزراندووە. بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە ناوبراو لە بابەتەکانی پەیوەست بەسنوورەکان و کۆچبەریی نایاساییدا، لاواز بووە.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە داواکاری گشتیی ناوچەی خۆرهەڵات لە ویلایەتی ڤێرجینیا، دەینا بۆێنتێ لە شوێنی سالی یەیتس کراوەتە بریکاری وەزیری داد.
جەختیش لەوەکراوەتەوە، دواخستنی پەسەندکردنی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد لەلایەن کاندیدی ترەمپ بۆ پۆستەکە و سیناتۆر، جێف سێشنزەوە لەلایەن سیناتۆرە دیموکراتەکانەوە، ''هۆکارگەلێکی سیاسیی لەپشتە و لە جێگەی خۆیدا نییە''.
بەشێکی راگەیەنراوەکەی کۆشکی سپی تەرخان کراوە بۆ گوتەکانی دەینا بۆێنتێ کە رایگەیاندووە ''تا کاتی پەسەندکردنی پۆستەکەی سیناتۆر جێف سێشنز، خۆم بەشەرەفمەند دەزانم لە کابینەکەی سەرۆک ترەمپدا کاربکەم. لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەوەی کە گەلەکەمان و نەتەوەکەمان پارێزراون، بەرگریی لە یاساکانی وڵاتەکەم دەکەم و جێبەجێیان دەکەم''.
سالی یەیتسی لەکار دوورخراوە لە فەرمانێکدا بۆ پارێزەرانی وەزارەتی داد، داوایکردبوو کە بەرگریی لە بڕیارنامەکەی ترەمپ نەکەن لە دادگاکاندا کە رێگە لە هاتنە ناوەوەی هاووڵاتییانی 7 وڵات کە زۆربەی دانیشتوانانیان موسوڵمانن بۆ وڵاتەکەیان دەگرێت.