Zana Natık Kerem
21 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2016
وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند كە بە ئامادەبوونی وەزیری داد، بەرپرسانی حكوومەتی خۆجێی زیقار و ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەر، سزای لەسێدارەدان بەسەر 36 تاوانباری كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەردا لە گرتووخانەی ناسرییە، جێبەجێ كردووە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دادی عێراق كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای پەسەندكردنی سزاكان لەلایەن دادگای تەمییزی فیدراڵی و سەركۆمار، لە گرتووخانەی ناسڕییە سزای لەسێدارەدان بەسەر 36 تاوانبارانی كۆمەڵكوژییەكەی سپایكەردا جێبەجێ كرا".
سەرچاوەكە ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە لە كاتی جێبەجێكردنی سزاكەدا وەزیری داد، نوێنەرانی حكوومەتی خۆجێی زیقار و ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیانی كۆمەڵكوژییەكە ئامادە بوون.
لە 7ی ئەم مانگەدا دادگای تەمییزی فیدراڵی سەربە ئەنجوومەنی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی لە عێراق رایگەیاند، سزای لەسێدارەدان كە بەسەر 36 تاوانبارانی كۆمەڵكوژییەكەی بنكەی سپایكەردا سەپێنراوە، بۆ پەسەندكردنیان رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری كردووە.
لە 14ی ئەم مانگەدا سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسووم سەرجەم سزاکانی لەسێدارەدانی پەسەند كرد كە بەسەر تاوانبارانی كۆمەڵكوژییەكەی بنكەی سپایكەردا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین سەپێندرا بوون.
چەكدارانی داعش لە میانی هێرشەكانیان بۆسەر پارێزگای سەڵاحەددین باكووری عێراق، كۆمەڵكوژییەكیان لە بنكەی سپایكەر ئەنجام دا كە تێدا نزیكەی هەزارو 700 قوتابی و سەربازی عێراقی كوژران.