Hamit Hüseyin
21 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2016
ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی ناوچەی غۆتە رۆژهەڵاتی سووریادا تێدەپەڕێت.
لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ساڵی ٢٠١٣دا، رژێمی ئەسەد بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەر ناوچەی غۆتەی رۆژهەڵاتی شاری دیمەشق و بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتی کە ژمارەی هەرە زۆریان منداڵ و پیر و ئافرەت بوون، کوژران.
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئاشکرای دەکات کەوا سەرەڕای ئەوەی بەپێی ماددەی ٢١١٨ لە بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە جەنگدا قەدەغەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا رژێمی ئەسەد ١٣٦ جار و رێکخراوی تیرۆریستی داعش ١٣٩ جار هێرشیان بە چەکی کیمیاوی ئەنجامداوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ئامادە کراوە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا لە ١٠ مانگی رابردوودا دوو هەزار و ٧٠٤ هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرترین ژمارەی قوربانی بۆردومانی فڕۆکەکانی رووسیا لە شاری حەلەب بووە کە بەهۆیەوە تەنیا لەو شارەدا هەزار و ١٧٨ هاووڵاتی کوژراون.