Gamze Türkoğlu Oğuz,Muhammet Ali Kemal
27 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2018
سیئۆل - AA
سەرۆکی کۆریای باشوور، مون جای ئین ئاشکرایکرد سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون پابەندە بەو لووتکەیەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پلانی بۆ دانراوە و هەروەها پابەندە بە ''داماڵینی تەواوەتیی نیمچە دوورگەی کۆریا لە چەکی ئەتۆمیی".
مون جای ئین کە دوێنێ لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا لە پانمونجۆم کۆبوویەوە، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان، ئاماژەی بەوەکرد سەرۆکی کۆریای باکوور جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی بە بەڵێنی داماڵران لە چەکی ئەتۆمیی دووپات کردووەتەوە.
سەرۆکی کۆریای باشوور تیشکی خستەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاریی کیم جۆنگ ئون ئەنجامدراوە و سەرۆکی کۆریای باکوور خواستی خۆی بۆ هاریکاریی لە پێناو ئەنجامدانی لووتکەیەکی سەرکەوتوو لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکادا دەربڕیوە.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد دانوستانەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن بە مەبەستی ئەنجامدانی لووتکەیەکی بەسوود لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکووردا.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان باسی لەوەکرد کە هێشتا بیر لە لووتکەکەی ١٢ی حوزەیران لە سینگاپورە دەکەنەوە و تیشکی خستەسەر ئەوەی "نیازپاکییەکی ئێجگار زۆر لە ئارادایە" و جەختی لەوەکردەوە داماڵینی نیمچە دوورگەی کۆریا لە چەکی ئەتۆمی دەبێتە کارێکی ناوازە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە کە کۆبوونەوەکانی مون و کیم زۆر بە باشی بەرێوەدەچن.