Sangar Hamad Azeez
28 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2016
هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما و سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ کە حەوت مانگ بەر لە ئێستا لە شاری هێرۆشیما کۆبوونەوە، ئەمجارە لە بەندەری پێرل هاربۆری ویلایەتی هاوای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی زەریای مەنگ کۆدەبنەوە کە ٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا سەرکردەی ئەمریکا و ژاپۆن لەو شوێنە کۆبوونەوە.
ئەم سەردانەش بەڕووداوێکی مێژووی دادەنرێت چونکە بۆ یەکەمجارە سەرکردەیەکی ئەمریکی و ژاپۆنی لە بەندەری پێرل هاربۆر کۆببنەوە.
دواین جار دوای هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ژاپۆن لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤١دا هەردوو سەرکردەی ئەمریکا و ژاپۆن لە بەندەری پێرل هاربۆر کۆبوونەوە.
جێگای ئاماژەیە ئۆباما حەوت مانگ لەمەوبەر سەردانی شاری هێرۆشیمای ژاپۆنی کرد کە لە ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن ئەمریکاوە بە بۆمبی ئەتۆمی هێرشی کرابوویە سەر و بەهۆیەوە ١٩٠ هەزار هاووڵاتی کوژران، لە سەردانەکەشی ئۆباما لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، شینزۆ ئابێ بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
ئۆباما لە سەردانی ئەمجارەی بۆ پێرل هاربۆر تاجە گوڵینەوەی لەسەر مۆنۆمێنتی ئەو کەسانە دانا کە لە پەلامارەکەی سەر کەشتی "USS Arizona" گیانیان لەدەستدا بوو.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئۆباما گوتی: "هیچ کاتێک هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ژاپۆن بەو شێوەیە بەهێز نەبووە".
ئابێ داوای کرد کە بەندەری پێرل هاربۆر وەک "سیمبوڵی رێککەوتن" لە داهاتوودا یاد بکرێتەوە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا ئەمریکا و ژاپۆن لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدان.
ئۆباما مانگی ئایاری رابردوو سەردانی شاری هیرۆشیمای ژاپۆنی کرد و هیوای خواستبوو کە جیهانێکی بێ چەکی ئەتۆمی بێتە دی. ئابێش ئاماژەی بەوە دابوو کە ئۆباما لە دڵی خەڵکی ژاپۆندا جێگایەکی تایبەتی هەیە.
شینزۆ ئابێ رایگەیاند کە مەبەست لەسەردانەکەی بۆ "داوای لێبوردن" نەبووە، بەڵکو بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانە بووە کە لە پێرل هاربۆر کوژراون.