Zana Natık Kerem
19 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2018
غەززە ــ AA
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە دوایین ئاماری لەبارەی قوربانیانی چالاکییەکانی رێپیوانی گەڕانەوەی گەورە بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لەو کاتەی لە ٣٠ی مانگی ئاداری رابردووەوە چالاکییەکانی رێپیوانی گەڕانەوەی گەورە لە سنووری رۆژھەڵاتی کەرتی غەززە دەستیپێکراوە تاوکو ئەمڕۆ، ١٤٢ ھاووڵاتی فەڵەستینی بە گولـلەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل کوژراون.
لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەداوە کە لەنێو کوژراوەکاندا، ١٨ منداڵ و دوو کچ لەگەڵ دوو کارمەندی پزیشکی، ھەروەھا دوو رۆژنامەوان، ھەن.
لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، ژمارەی ھاووڵاتییانی فەڵەستینی کە لە میانی چالاکییەکانی رێپیوانی گەڕانەوەی گەورەدا بریندارکراون، گەیشتووەتە ١٦ ھەزار و ٤٩٦ کەس کە لەنێویاندا، سێ ھەزار و ١٢٦ منداڵ و ھەزار و ٣٦٢ ئافرەت ھەن، ھەروەھا برینی ٣٩١یان مەترسیدارە و برینی ھەزار و ٩٩٢ی دیکەیان مامناوەندە.
لە ٣٠ی مانگی ئاداری رابردووەوە، ھاووڵاتییانی فەڵەستینی لە سنووری رۆژھەڵاتی کەرتی غەززە دەستیانکردووە بە چالاکییەکانی رێپیوانی گەڕانەوەی گەورە کە لە میاندا داوا دەکەن پەنابەرانی فەڵەستینی بگەڕێنەوە شار و گوندەکانیان کە لە ساڵی ١٩٤٨وە بەجێیانھێشتووە، ھەروەھا داواش دەکەن ئەو گەمارۆییەی کە ئیسرائیل بەسەر غەززەدا سەپاندوویەتی ھەڵبگیرێت.