Rewa Mahmut Hasan
29 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2016
لە میانی کۆنگرەیەکدا کە لەشاری فیلادلفیای ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەرێوەچوو، هیلاری کلینتۆن وەک کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دیاری کرا و بەوەیش بووە یەکەمین کاندیدی ژن لە وڵاتەکەیدا.
لەکاتی هەڵبژاردنیدا بە کاندید، کلینتۆن گوتەیەکی پێشکەش کرد و زۆر بەتوندی هێرشی کردە سەر کاندیدی کۆماریەکان، دۆناڵد ترەمپ و ستایشی سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباماشی کرد.
کلینتۆن رەخنەی لەو دەستەواژەیەی ترەمپ گرت کە بەردەوام باس لەوە دەکات، مسوڵمانان نابێت رێگەیان پێ بدرێت بێنە ئەمریکا و رایگەیاند کە دیموکراتەکان ئایین لە هیچ کەس قەدەغە ناکەن بەڵکو هەموو ئەمریکیەک پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان تیرۆر دەبەزێنن.
کلتینۆن گوتی: "پێکەوە بەهێزین، ئەمە تەنیا دروشمێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو لەو بەها گرنگانەوە فێربووین کە وڵاتمانی لەسەر دامەزراوە".
کلینتۆن رایگەیاند کە ترەمپ بەردەوام لە هەڵمەتەکەیدا خەڵک لەیەک جودا دەکاتەوە، بەتایبەت کۆچبەران دەکاتە ئامانج کە ئەوەیش لەگەڵ بەهاکانی ئەمریکادا یەک ناگرێتەوە.
کلینتۆن رایگەیاند کە ئۆباما یەکێک بووە لەو سەرۆکە سەرکەوتووانەی ئەمریکا بەخۆیەوە بینیوێتی.