Muhammet Ali Kemal
30 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2016
واشنتۆن
لەدوای هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لەلایەن رێکخراوی تیرۆرییستیی فەتحوڵڵاچییەوە و داواکاریی تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی سەری ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیربی ئاماژەی بەوەکرد ئەو بەڵگانەی کە ئەنقەرە ئاراستەی وڵاتەکەیانی کردووە، گەیشتوون و رایگەیاند ''وەزارەتی داد لە ئێستادا سەرگەرمی لێکۆڵینەوەیە لە بەڵگەکان. هەموو پرۆسەی رادەستکردنەوەکە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بەردەوام دەبێت و ئێمەش رێز لەم پرۆسەیە دەگرین''.
کیربی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا زانیاریی سەبارەت بەو رێکارەکانە خستە روو کە وڵاتەکەی لەبەرامبەر داواکاریی تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی سەری رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەن گرتوویەتییە بەر، لەدوای هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا لەو وڵاتە.
جۆن کیربی باسی لەوەکرد لە کەیسی رادەستکردنەوەی گولەن-دا هێشتا هیچ بەرەوپێشچوونێک بوونی نییە، دوای ئەوەی گوتەکانی هەریەک لە وەزیری دادی تورکیا، بەکر بۆزداغ و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کە رایانگەیاندبوو ''ئەگەری هەڵاتنی سەری رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی لە ئەمریکاوە بۆ وڵاتێکی دیکە هەیە'' بیری جۆن کیربی هێنرایەوە، پرسیاری ئەوەی لێکرا ''ئایا ئەمریکا رێوشوێنی گرتووەتە بەر یان نا بۆ ئەوەی گولەن لە وڵاتەکەی هەڵنەیەت؟''.
لە وەڵامدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، وەزارەتی دەرەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە ناکات و رایگەیاند ''ئەمە دۆخێکە پەیوەندیی بە وەزارەتی دادەوە هەیە و من ناتوانم لەو بارەیەوە قسە بکەم''.
جۆن کیربی بانگەشەی ئەوەی کرد کە هیچ شتێک نییە لەو بارەیەوە ئەو بتوانێت باسی بکات و رایگەیاند ''پێویستە وەزارەتی داد و هێزە ئەمنییەکان وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە. ئێمە هەندێک بەڵگەمان بەدەست گەیشتووە و وەزارەتی داد لە ئێستادا سەرگەرمی لێکۆڵینەوەیە لە بەڵگەکان. هەموو پرۆسەی رادەستکردنەوەکە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بەردەوام دەبێت و ئێمەش رێز لەم پرۆسەیە دەگرین. جگە لەمە ناتوانم هیچ شتێکی دیکە بڵێم''.
لای خۆیشییەوە گوتەبێژی وەزارەتی داد، پیتەر کار وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی سەبارەت بە ''ئەگەر هەڵاتنی سەری رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی لە ئەمریکاوە بۆ وڵاتێکی دیکە'' نەدایەوە.
کار گوتی: ''وەزارەتی دادی تورکیا ژمارەیەک بەڵگەی سەبارەت بە گولەن رادەستی ئێمە کردووە و ئێمەش دەستمان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان''.
لەپاڵ ئەمانەدا بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بەلێدوانەکانی کیربی لەبارەی گولەنەوە، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند هەریەک لە وەزارەتی دەرەوە و دادی ئەمریکا گرووپێکی هاوبەشیان پێکهێناوە و ئەو گرووپە کار لەسەر دۆسیەکەی گولەن دەکەن.