Rewa Mahmut Hasan
29 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2016
لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە پەیوەندی ئەمریکا دەکەن بە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی ئەم مانگە، گوتەبێژی وەزارەی دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیربی رایگەیاند کە تورکیا تەنها هاوپەیمانی ئەمریکا نییە بەڵکو وڵاتێکی دۆستیشیانە.
کیربی لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئاسایی خۆیدا وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە سەبارەت بە هەوڵی کودەتاکە لە تورکیا و پەیوەندی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە پەیوەندی ئەمریکا دەکەن بە هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی ئەم مانگە، کیربی رایگەیاند کە تورکیا نەک تەنها هاوپەیمانە بەڵکو وڵاتێکی دۆستیشە و لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە داعشدا رۆڵێکی گرنگی هەیە و پەیوەندیەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە بەردەوامیان هەیە.
سەبارەت بە رادەستکردنەوەی گولەن، کیربی ئاماژەی بەوە دا کە ئەوە پەیوەستە بە پێدانی بەڵگەی تەواو، ئاماژەی بەوەیش دا کە لە ئێستادا چەند بەڵگەیەکیان رادەست کراوە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
لەبەشێکی دیکەی گوتەکاندا کیربی ئاماژەی بەوە دا کە ئیدانەی هەوڵی کودەتایان کردووە و رایگەیاند کە چارەسەرکردنی پرسەکە ئەرکی حکوومەتە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی و دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت ئەنجامدەرانی کودەتاکە بدۆزرێنەوە و دەستگیر و دادگایی بکرێن.
لەبارەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کیربی ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا وڵاتێکی سەربەخۆیە و دەتوانێت خۆی بەهێز بکات و بەرەوپێش بچێت و ئەوەی گرنگە بۆ ئەمریکا ئەو پەیوەندیانەیە کە لەگەڵ تورکیا هەیانە لە رێگەی ناتۆوە دژ بە داعش.