Sangar Hamad Azeez
28 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2016
سەرکردەی بەرەی نوسرە لە سووریا ئەبوو محەمەد جۆلانی ئاشکرایکرد کەوا لە رێکخراوی ئەلقاعیدە جیابوونەتەوە و بەرەکەیان هەڵوەشاندۆتەوە و لە بری ئەمەش رێکخراویكی دیکەی بەناوی "فەتح و شام"یان دامەزراندووە کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ رێکخراوەکانی دیکەی بیانی نییە.
لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی سەرکردەی بەرەی نوسرە لە سووریا ئەبوو محەمەد جۆلانی گوتی "بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆسەر سووریا بەتایبەتی ئەو بۆردومانانەی کە ئەمریکا و رووسیا دەیکەن بە بیانووی بوونی ئەلقاعیدە لە وڵاتەکە، لە رێکخراوی ئەلقاعیدە جیابووینەوە و بڕیارمان دا رێکخراوێکی دیکە پێکبهێنین کە هیچ پەیوەندییەکی بە رێکخراوەکانی دەرەوەی سووریا نەبێت بەناوی بەرەی فەتح و شام".
لای خۆیەوە جێگری ئەیمەن زەواهیری سەرکردنی ئەلقاعیدە ئەحمەد حەسەن ئەبولخەیر لە رێگەی پەیامێکی دەنگییەوە کە لە ئینتەرنێت بڵاوی کردەوە رایگەیاند، رێگەیان بە بەرەی نوسرە داوە لە رێکخراوەکەیان جیابێتەوە و گوتیشی: "هیوادارم ئەوەی بۆ ئیسلام و موسوڵمانان باشە ئەوە بکەن لە سووریا".