Ramal Mahmood
13 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2017
کاندیدی وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ئیدارەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جەنەڕاڵی خانەنەشن جەمیس ماتس رایگەیاند "لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە گەورەترین هێرش بۆ سەر سیستەمی جیهان لەلایەن روسیا، گرووپە تیرۆریستییەکان هەروەها چین لە دەریای باشووری چین ئەنجامیان داوە".
لەمیانی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ئەرک سپاردن وەک وەزیری بەرگری بە ماتیس، ناوبراو وەڵامی پرسیارەکانی لیژنەی خزمەتگوزاری چەکداریی لە ئەنجوومەنی پیرانی دایەوە.
ماتیس ئەوەی خستە روو کە رووسیا لەسەرووی ئەو وڵاتانەوە دێت کە هەڕەشەن بۆسەر ئەمریکا، رووسیا لە زۆر ناوچە رێگەی خۆش کردووە بۆ دروست بوونی نیگەرانی، ئاماژەی بەوەشدا هەرچەندە لەگەڵ رووسیا رێککەوتنیان هەیە بۆ پاراستنی لایەنەکان بەڵام پێویستە لە نیازی ئیدارەی ڤلادیمیر پوتین تێبگەن.
کاندیدی وەزیری بەرگری ئەمریکا بەپێویستی دەزانێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی رووسیا ئەمریکا وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناتۆ بەهێز بکات و هێزیان نیشان بدات، بەمەش جیاوازی هەڵوێستی ئەو لە ترەمپ کە هەڕەشەی ئەوەی کردبوو پشتیوانییەکانی بۆ ناتۆ دەبڕێت بووە جێی سەرنج.
ماتیس لەو باوەڕەدایە کە پێویستە ئیدارەی کێبڕکێی نێوان چین و ئەمریکا بکرێت، گوتی: "ترس، شکۆ، بەرژەوەندی هەمیشە بوونەتە یەکێک لە هۆکارەکانی بارگرژی بۆ جەنگی نەتەوەیی".
ناوبراو تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە رێککەوتنی ئابووری، دیپلۆماتی و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی بەهێزی وەک چین بکەن.
ماتیس وەڵامی پرسیارەکانیشی دایەوە لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران لەنێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی ٥+١، ئاماژەی بەوە دا وێڕای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەکە، بەڵام پێویستە ئەمریکا لە قسەی خۆی پاشگەز نەبێتەوە. گوتی: "پێموایە ئەمە رێککەوتننامەیەکەی هەڵە بووە بۆ سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی ئێران. ئەمە رێککەوتننامەیەکی دۆستانە نییە. بەڵام ئەمریکا دەبێت لە قسەی خۆی پاشگەز نەبێتەوە و لەگەڵ هاوپەیمانانی پێکەوە کار بکات".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا واژووکردنی ئەم رێککەوتننامەیە لەگەڵ ئێران "رێککەوتننامەیەکی خراپ" بووە، لە وەڵامدا ماتیس گوتی: "من ئەو رێککەوتننامەیەم واژوو نەکردووە".
لە وەڵامی پرسیاری نووسراوی سیناتۆرانیش لەبارەی هەژموونی ئێران لەسەر عێراق، ماتس ئاماژەی بەوە دا یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی ئەمریکا لە عێراق پێویستە هەستیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکات ئەوەیە، پێشبگرێت بە زیادبوونی هەژموونی رژێمی ئێران عێراق.
ماتس ئاماژەی بەوە دا کە ئیسرائیل یەکێکە لە وڵاتە پێشەنگەکان لە ئارامی و ئاسایشدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرنجی بۆ گرنگی هەماهەنگییەکانیشیان راکێشا لەگەڵ تەلئەبیب. بانگەشەی ئەوەیشیکرد کە ئیسرائیل وڵاتێکی دیموکراسییە. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا لە ناوچەکە جگە لە ئیسرائیل دیموکراسی لە هیچ شوێنی دیکە هەیە، بە "نەخێر" وەڵامی دایەوە.