Sarmand Hameed
22 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە شوێنی مانەوەی لە واشنتۆن پێشوازیی لە باڵیۆزی نیازپاکی لە نەتەوەیەکگرتووەکان، نادیە موراد کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی دیدارەکە، کازمی بەخێرهاتنی هاووڵاتیی عێراق ئێزدی، نادیە موراد-ی کردووە و ستایشی هەوڵەکانی کردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بە جیهان و ئەو نەهامەتییانەی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکەی و ئەو دەستدرێژییەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کرایە سەریان.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکوومەتەکەی بایەخێکی تایبەت دەدات بە دۆسییەی ئێزدییەکان و لەم چۆارچێوەیەشدا کار دەکات بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و پلانی هەیە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی رووبەڕووی تیرۆر بوونەوە لەگەڵ دەستەبەرکردنی سەقامگیری تیایاندا.
کازمی راشیگەیاندووە حکوومەت بەهەموو توانایەوە کار دەکات بۆ ئازادکردنی رفێنراوانی ئێزدی.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی کە لە ژمارەیەک وەزیر و راوێژکار پێکهاتووە، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.
رۆژی پێنجشەمە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کرد.