Safiye Karabacak
22 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2020
غەززە ــ AA
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، شەوی رابردوو زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك خاڵی بزووتنەوەی حەماس لە باشووری كەرتی غەززە.
لەمبارەیەوە سوپای ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی كردەوە كە هێرشەكان شەوی رابردوو لە وەڵامی ئاراستەكردنی دوو گولـلە تۆپ لە كەرتی غەززەوە بۆسەر خاكی ئیسرائیل، ئەنجام دراون.
هاوكات ژمارەیەك سەرچاوەی فەڵەستینی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاند كە تۆپخانەكانی ئیسرائیل، ژمارەیەك خاڵی لیوای عیزەدین قەسسام (باڵی چەكداری بزووتنەوەی حەماس) لە شارەكانی خانیونس و رەفح، باشووری كەرتی غەززەیان بۆردومانكردووە.
هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر خاڵەكانی بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە هیچ زیانێكیان نەبووە.
دوێنێ هەینی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو كە بەرپەرچی گولـلە تۆپێكی داوەتەوە كە لە كەرتی غەززەوە ئاراستەی خاكی ئیسرائیل كراوبوو.
ماوەی هەفتەیەكە لە وەڵامی ئاراستەكردنی باڵۆن و كۆلارەی سووتێنەر لە كەرتی غەززەوە بۆسەر خاكی ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل خاڵەكانی سەربە بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە بۆردومان دەكات.