Mazın Asad
03 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2017
واشنتۆن - AA
شەریفی شاری لاس ڤێگاس، ژیۆ لۆمباردۆ رایگەیاند لە ھێرشەکەدا بە لایەنی کەم ٥٨ گیانی لەدەستداوە ٥١٥ کەسیش بریندار بووە. لەوبارەیەوە بەرپرسێکی FBI رەتی کردەوە کە ھێرشبەرەکە پەیوەندی بە داعشەوە ھەبووبێت.
لۆمباردۆ لە لێدوانێکی دا بۆ رۆژنامەوانان زانیاری لەبارەی ھێرشەکە پێشکەش کرد و رایگەیاند بە لایەنی کەمەوە ٥٨ کەس بوونەتە قوربانی.
ژیۆ لۆمباردۆ ئاماژەی بەوەش دا کە لەبارەی رووداوەکەوە لێکۆڵینەوەکان بە وردی بەڕێوە دەچێت و ئاشکراشی کرد کە ٥١٥ کەس بریندار بوون و ھێشتا لە نەخۆشخانەکان چارەسەری پزیشکیان بۆ دەکرێت.
دوای لۆمباردۆ، بەرپرسێکی FBI قسەی لەسەر رووداوەکە کرد و رایگەیاند ھێرشبەرەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە گرووپە تیرۆریستییەکان نەبووە و رەتیشی کردەوە کە ستیفن پادۆکی ھێرشبەرەکە پەیوەندی بە داعشەوە ھەبووبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە لێکۆڵینەوەکە زۆر بە وردی بەڕێوە دەچێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ لەئەنجامی تەقەکردن لە بەشداربووانی کۆنسێرتێک لە ھۆتێلێکی شاری لاس ڤێگاس لە ئەمریکا، بە لایەنی کەم ٥٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.