Muhammet Ali Kemal
02 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2017
برۆکسل- AA
یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند ریفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا بەپێی دەستووری ئیسپانیا نایاساییە، و دەستێوەردانی پۆلیسی ئیسپانیاش کە سەدان برینداری لێکەوتەوە، ئیدانە نەکردووە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، وەک چەندین جار سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە جان کلاود یونکەر جەختی لێکردووەتەوە، ئەو بابەتە بابەتێکی ناوخۆییە و پێویستە لەچوارچێوەی دەستووری ئەو وڵاتەدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە ''پرۆسەی دەنگدانەکەی کەتەلۆنیا، بەپێی دەستووری ئیسپانیا یاسایی نەبوو''، ئەوەش ئاشکراکراوە کە تەنانەت ئەگەر بێت و دوای مۆڵەت پێدانی حکوومەتی ناوەندیش کارێکی لەوشێوەیە ئەنجامبدرێت، بڕیاری جیابوونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیا دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمەکە دەکەوێتە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاوە.
کۆمیسیۆنەکە باسی لەوەشکردووە بەدەر لە لایەنە یاساییەکانی باتەکە، رۆژگاری ئەمڕۆ رۆژی دابەشبوون و پارچە پارچەبوون نییە، بەڵکو سەردەمی یەکێتیی و سەقامگیرییە و رایگەیاندووە ''داوا لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە لە دۆخی پێکدادانەوە بەشێوەیەکی خێرا بچنە دۆخی گفتوگۆ. هەرگیز توندوتیژی نابێتە ئامڕاز لە سیاسەتدا''.
راگەیەنراوەکە دڵنیایی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپای نیشانداوە سەبارەت بەوەی کە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، ماریانۆ رۆجای لەچوارچێوەی دەستووری وڵات و رێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییاندا چارەسەری کێشەکە دەکات، بەڵام هیچ ئیدانەیەکی توندوتیژییەکانی پۆلیسی نەکردووە.
لە ریفراندۆمەکەی هەرێمی کەتەلۆنیادا کە دادگای دەستووریی بە نایاسایی لەقەڵەمی دابوو، هێزە تەناهییەکان بەشێوەیەکی توند بەرەنگاری خۆپیشاندەران ببوونەوە و لەئاکامی رووداوەکانیشدا ٨٤٤ کەس بریندار بوون، هاوکات ٣ کەسیش دەستگیر کرابوون.