Mazın Asad
03 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2017
تاران - AA
سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند فراوانکردنی کاری ھاوبەش لە نێوان تورکیا و ئێران، سوودێکی زۆری بۆ چارەسەری کێشەکانی کێشەکانی ناوچەکە دەبێت.
روحانی لە تارانی پایتەختی ئێران پێشوازی کرد لە سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی لە ماڵپەری سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بڵاوکراوەتەوە، روحانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتی: "ئەمڕۆ پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و نێودەوڵەتییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە ئاستێکی باشدایە. پێویستە کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لە رووی سەربازیی و بەرگری بکەین".
سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوە دا کە تورکیا و ئێران لە ناوچەکە دوو وڵاتی لەمێژینەیی موسڵمانن و بۆیە پێویستە لە چوارچێوەی ھەڕەشە ھاوبەشەکانی ناوچەکە و بەرژوەندییە ھاوبەشەکان پەرە بە کاری ھاوبەش بدرێت.
روحانی تیشکی خستە سەر پێداگری پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وڵات لە رووی سەربازییەوە و گوتیشی: "فراوانکردنی کاری ھاوبەش و ئاڵۆگۆڕی ئەزموونەکان لە نێوان ھێزەکانی ئێران و تورکیا، سوودی بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەکانی ناوچەیی دەبێت".
سەرکۆماری ئێران راشیگەیاند تێکچوونی جوگرافیای سنوورەکان، زیان بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنێت.
-"تورکیا و ئێران رۆڵێکی گرنگ لە پرسی سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە دەگێڕن"
لە لایەکی دیکەوە سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا خولوسی ئاکار لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ روحانی رایگەیاند پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لە رووی سەربازیی لە نێوان ھەردوو وڵات، سوودی زۆری بۆ سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.
خولوسی ئاکار گوتیشی: "وڵاتی تورکیا و ئێران کە دوو وڵاتی بەھێزی ناوچەکەن، بە پەرەپێدانی کاری ھاوبەش لە نێوانیان رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیری و ئاشتی ناوچەکە دەگێڕن".
سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە گرووپە تیرۆریستییەکان بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکەن و راشیگەیاند تورکیا رێز لە یەکپارچەیی خاکی گشت وڵاتان بە سووریا و عێراقەوە دەگرێت.