Ahmet Furkan Mercan
31 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2021
تۆکیۆ - AA
گڕکانی ئۆتاکی لە دوورگەی سوانۆسی سەربە پارێزگای کاگۆشیما باشووری ژاپۆن، تەقییەوە.
بەپێی ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن، دوای تەقینەوەکە کە کاتژمێر ٠٢:٥٧ی بە کاتی ناوخۆ روویداوە، ئەو پارچە بەردانەی لە دەمی گڕکانەکەوە بەرزبوونەتەوە لە دووری یەک کیلۆمەتر کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاژانسی هەواڵیی کیۆدۆ پشتبەستن بە زانیاریی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی بڵاویکردەوە، زیانی گیانی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەوری گڕکانەکە نەکەوتووەتەوە.
ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن، ئاستی هۆشداری جووڵەی گڕکانەکەی بەرزکردەوە بۆ ئاستی سێیەم کە ''نابێت خەڵک لە گڕکانەکە نزیک ببێتەوە''.
هۆشداری ئەوە درا کە لە ئەگەری تەقینەوەی نوێدا رەنگە ئەو پارچە بەردانەی لە دەمی گڕکانەکەوە بەرزدەبنەوە لە دووری دوو کیلۆمەتر بکەونەخوارەوە.
دوورگەی سوانۆسی دەکەوێتە دووری ٢٣٠ کیلۆمەتر باشووری شاری کاگۆشیما ناوەندی پارێزگای کاگۆشیما باشووری ژاپۆن.