Mehmet Tosun
08 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی "The Peninsula"ی قەتەری ئەنجامدا و لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا- قەتەر، رۆڵی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لیبیا، سووریا و سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دوا.
- "ئێمە تاکە وڵاتین کە شەڕی دەستەویەخەمان لەگەڵ داعش کردووە"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی سیاسەتی وڵاتەکەی لە سووریا و هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دوا و گوتی: "تورکیا نزیکەی ٩١١ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا هەیە، ئێمە یەکێکین لەو وڵاتانەی لە ساڵی ٢٠١١وە گەورەترین کاریگەری پێکدادانەکانی سووریامان لەسەرە. وڵاتەکەمان نەیتوانی لە بەرامبەر کوژرانی ملیۆنێک کەس و ئاوارەبوونی ١٢ ملیۆنی دیکەدا بێهەڵوێست بێت. تا ئێستاش بەهۆی ئەو پەلامارانەی لە سووریاوە کراونەتە سەر وڵاتەکەمان سەدان هاووڵاتییمان شەهید بوون. تورکیا هەم لە رووی مرۆیی و هەم لە رووی کۆمەڵایەتی و ماددییەوە ئەرکێکی قورسی گرتووەتە ئەستۆ. لەئێستادا بووینەتە خانەخوێی ٣،٧ ملیۆن پەنابەر سووریا. هیچ وڵاتێک رێگە بە دروستبوونی رێکخراوێکی تیرۆریستی لەسەر سنوورەکانی نادات. ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا بەرەنگاری داعش و پەکەکە/یەپەگە بووینەتەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا تاکە وڵاتە کە دژبە داعش شەڕی دەستەویەخەی کردبێت و لەو پێناوەدا شەهیدی دابێت.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد کە هەشت هەزار و ٣٠٠ کیلۆمەتری خاکی سووریایان لە تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە پاککردووەتەوە و ئەم خاکانەیان رادەستی خاوەنە راستەقینەکانیان کردووەتەوە.
- "چاومان لە خاکی هیچ کەسێک نییە"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە لە سایەی هەوڵەکانی تورکیا و سوپای سووریای ئازاددا، ئەو ناوچانەی چەندین ساڵە دووچاری مەترسی تیرۆر و پێکدادان بوون، ئاشتی و سەقامگیرییان بۆ گەڕاوەتەوە و گوتی: "تا ئێستا ٤١١ هەزار پەنابەری سووریا گەڕاونەتەوە ئەم ناوچانە. تورکیا بەهیچ شێوەیەک لە خاکی سووریا-دا نامێنێتەوە. ئێمە چاومان لە خاکی کەس نییە، هەرکات قەیرانی سووریا بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر کرا ئێمەش لەو وڵاتە دەکشێینەوە، بەڵام تا ئەمە نەیەتەدی ئێمە لە چوارچێوەی مافی بەرگریی لە خۆکردن و رێککەوتنی ئادانا-دا لە پاراستنی سنوورەکانمان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبین. بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین نە ئیدلب و نە هیچ ناوچەیەکی دیکەی سووریا ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەمان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکا گوتی: ''لەگەڵ ئەمریکادا هاریکارییەکی ریشەدار، فرە رەهەند و ستراتیجییمان هەیە. پێشێلکاریی سروشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە ئەو وڵاتانی بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە هەمان بۆچوون و هەڵوێستیان هەبێت. لێرەدا بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە سەرەڕای جیاوازی بچوون بتوانرێت لەسەر بنەمای سوودی دوولایەنی درێژە بە بۆنەکان بدرێت''.
سەرکۆماری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەرچەندە ناوە بە ناوە لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بابەتی جۆراوجۆر لە بەرەی جیاوازن، بەڵام گرنگییان بەوە داوە کە هاوبەشیە ستراتیجییەکان زیانیان بەرنەکەوێت، ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ ئەمریکا هەندێک کێشەیان هەبووە لەبارەی رادەستکردنەوەی سەردەستەی فەتۆ بە تورکیا کە ئەنجامدەری هەوڵی کودەتا خوێناویەکەی ١٥ی تەمووزە و پشتیوانی لە پەکەکە-یەپەگە لە سووریا دەکات.
- ''تیشک دەخەینە سەر بەرژەوەندیە هاوبەشەکان''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند ''نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو بەردەوامی هەندێک ئەندامانی ناتۆ-ش لە هاریکاری لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە و پاراستنی ئەندامانی فەتۆ زیانی بە پشتیوانیکردنی یەکتری هاوپەیمانیەکە گەیاندووە. لە هەردوو بابەتەکەدا، چاوەڕوانی ئێمە وەک هاوپەیمانێک ئەوەبوو پشتیوانییەکی بەهێز نیشانی وڵاتەکەمان بدەن، بە داخەوە پێشوازی لە چاوەڕوانییەکەمان نەکرا. تەنانەت رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە-یەپەگە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی حکوومەتی ئەمریکاوە وەک هاوبەشێک لە سووریا تەماشاکرا و پشتیوانی کرا و پارێزگاری لێکرا. بەتایبەتی پاشماوەی حکوومەتی پێشوو کە لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە هەڵوێستێکی ناتەبایان نیشاندا. لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ هاتنە سەردەسەڵاتی بەڕێز ترەمپ پەیوەندیە دووقۆڵییەکانمان کەشوهەوایەکی گونجاوی وەرگرت. هەم لە بابەتە هەرێمییەکاندا، هەمیش هەر لە بازرگانییەوە تا وەبەرهێنان لە زۆر بابەتدا هەڵوێستمان تا دەهات زیاتر دەگونجێت. بەدەر لە جیاوازییەکان تیشک دەخەینە سەر بەرژەوەندیە هاوبەشەکان''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لەوە کرد کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئامانجیانە بازرگانی دووقۆڵی بگەیەننە ١٠٠ ملیار دۆلار و گوتی: ''پێداگرین لە گەیشتن بەو ئامانجە. لە هەموو پلاتفۆڕمەکاندا بە ناتۆ-شەوە لەگەڵ ئەمریکادا بەردەوام دەبین لە کارکردن لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دیموکراسیی و کۆتاییهێنان بە ناسەقامگیریی و شەڕ و پێکدادانەکان''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە پێشهاتەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەڵوێستی تورکیا لەبارەی ''نیشتمانی شین'' کرد گوتی: ''تورکیا هەمیشە لەگەڵ ئەوەیە دەوڵەمەندی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەسەر وڵاتانی کەنار دەریاکەدا، بەشێوەیەکی رەوا دابەش بکرێت''.