Zana Natık Kerem
31 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، فوئاد حوسێن بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی ئێوارەی دوێنێ هەینی لە پارێزگای ئیزمیر رۆژئاوای توركیا روویدا، پرسە و هاوخەمی خۆی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیانی بوومەلەرزەكە كردووە.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، فوئاد حوسێن هاوسۆزی حكوومەت و گەلی عێراق بۆ حكوومەت و گەلی توركیا نیشانداوە.
بەپێی دوایین ئامارەكان، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی كە ئێوارەی دوێنێ هەینی، بە گوڕی ٦.٦ پلە لە پارێزگای ئیزمیر رۆژئاوای توركیا و كەناراوەكانی دەریای ئیجە روویدا گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٢٥ كەس و ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٨٠٤ كەس.