Mazın Asad
03 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2018
ریاز - AA
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیان کرد.
ئاژانسی SPAی سعوودیە بڵاوی کردەوە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شەوی رابردوودا، شا سەلمان بۆ پێشوازیکردنی ترەمپ لە جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان و شاندی یاوەری لە ئەمریکا سوپاسی ترەمپی کردووە.
شا سەلمان ئاماژەی بەوەداوە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەدا گفتوگۆ لەسەر بەرژەوەندی ھەردوو وڵات کراوە و رێککەوتننامەی گرنگیش واژوو کراوە و راشیگەیاندووە سەردانەکە لەسەر ئاستی ھەردوو وڵات و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەنگدانەوەی ئەرێنی ھەبووە.
شای سعوودیە راشیگەیاندووە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی زۆرێک لە پرسە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیان کردووە بە تایبەتیش دوا پێشھاتەکانی فەڵەستین.
شا سەلمان روونیشی کردووەتەوە کە پێویستە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ قۆناغی ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیندوو بکرێتەوە و جەختیشی لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕی سعوودیە بۆ دۆزی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کە پایتەختەکەی قودس بێت کردووەتەوە.
سەبارەت بە قەیرانی یەمەن، شا سەلمان ئاماژەی کردووە بە ھەوڵی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بۆ گەلی یەمەن و رایگەیاندووە پێشوازی لە روونکردنەوەی کۆشکی سپی دەکەن بەرامبەر بە ھێرشەکانی حووسی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
شای سعوودیە ھەروەها راشیگەیاندووە لەبارەی چارەسەری قەیرانی سووریا و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، پێویستە داواکاری گەل جێبەجێ بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاندووە، پێویستە رێگری لە ئێران بکرێت کە ھەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەدات و سوپاسی سعوودیەی کردووە بە ھۆی ئەو ھەوڵانەی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە داویەتی.
ھەردوو سەرکردە ھەروەھا جەختیان لەسەر گرنگی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق و سووریا کردووەتەوە.