Hemn Baban
03 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2018
ھەولێر - AA
سوننەکان کە پەرتەوازەن ھاوشێوەی دوو پێکھاتەکەی دیکە لە ئێستادا دەیانەوێت کار بۆ ئەوە بکەن پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە خولی داھاتوو مسۆگەر بکەن.
١٢ی ئایاری داهاتوو، عێراق ھەڵبژاردنێکی دیکە بەڕێ دەکات کە لەنێو مشتومڕ و کێشمەکێشمێکی زۆردایە، ئەم وڵاتە کە لە چوار ساڵی رابردوو بە زۆرترین رووداوی گەورە و خێرا و کاریگەردا تێپەڕیوە دەیەوێت ٣٢٩ پەرلەمانتاری دیکە بۆ خولێکی تر ھەڵبژێرێتەوە کە تیایدا ھاوکێشەکان زۆر گۆڕاون.
سەرۆکی سەنتەری موستەقبەل بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان، عەدنان ساڵحی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "ھەڵبژاردنەکان لە عێراق یەکسەر گۆڕانکاریی گەورە دروست ناکەن و پێویستییان بەکات دەبێت، بە بڕوای من قۆناغی ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق شتێکی ئەوتۆ جیاوازیی نابێت لەگەڵ خولی ئێستادا، ئەم ھەڵبژاردنەی ئەمساڵ ئەوەی پێوە دیارە کە کوتلە و پەرتەوازەیی ھەیە لەنێو ماڵی شیعی، سوننی و کوردی ھەریەک لەمانە زیاتر لە کوتلەیەکی گەورەیان ھەیە، بەڵام ئەوەی راستییە ئەوەیە کە کورد تاڕادەیەک کورسییەکانی خۆیان بەدەست دەھێننەوە سەرباری جیاوازیی لیستەکان و تێڕوانینەکانییان، ھەرچی کوتلە شیعییەکانە ئەوا دوای ھەڵبژاردنەکان یەکدەگرنەوە و پێیان وایە حکوومەت ھێڵی سوورە، ھەرچی سوننەکانن پێم وایە، ھەوڵ دەدەن کە زۆرترین کورسی بەدەست بھێنن بۆ ئەوەی لە نێوان ماڵی کورد و شیعە نوێنەرایەتی پێکھاتەکەیان بکەن، بە بڕوای من ئەم پەرتەوازەییەی کوتلەکان بە ھۆکاری ئەوەیە کە زۆرترین دەنگ بەدەست بھێنرێتەوە، چونکە لەم رێگەیەوە دەتوانرێت ئەو کارە بکرێت".
عەدنان ساڵحی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت کورد بەشێک لە کورسییەکانی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە بەرژەوەندیی سوننە و شیعە دەدۆڕێنێت و گوتی: "ئەو ناوچانەی کە کێشەی لەسەرە و رووداوی گەورەی تیادا رووی دا لە ٢٠١٧، گۆڕانکاریی تیادا دەبێت، پێم وایە زەرەرمەندی یەکەم لەم ناوچانە کورد دەبێت، چونکە پێشتر ھەژموونیان ھەبووە، بەڵام ئەمجارە کورسییەکانیان ھەمووی بەدەست ناھێننەوە و بەشێکی دەدۆڕێنن و بەشێک لەو کورسیانە لە بەرژەوەندیی شیعە و ئەو بەشەی دیکەشی لە بەرژەوەندیی سوننەکان دەبێت کە کورسیی ئەو دوو پێکھاتەیە لەو ناوچانە زیاد دەبێت".
سەرۆکی سەنتەری موستەقبەل بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان، عەدنان ساڵحی گوتیشی: "فاکتەری دەرەکی لە ھەڵبژاردنەکان رۆڵی دەبێت و وای رێکدەخەنەوە وەکو پێشتر بێت کە شیعە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ھەبێت، سوننەش یان ئەنجوومەنی نوێنەران یان سەرۆکایەتی کۆمار، پێشم وایە سەرکۆمار ئەمجارە بۆ سوننەکان دەبێت و ھەوڵیشی بۆ دەدەن و سەرۆکی پەرلەمان رەنگە بەر کورد بکەوێت".
ناوبراو ھەروەھا گوتیشی: "کورد زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لەو ناوچانەی کێشەیان لەسەرە، سوننە و شیعە قازانج دەکەن".
بڕیارە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و پەرتەوازەیی کوتلە گەورەکانی پێشتر، ئێستا دیاردەی زەقترینی ھەرسێ ماڵی شیعە، سوننە و کوردیشە.
لە ١٢ی ئایاری داهاتوو عێراقییەکان کە ٢٤ ملیۆن و ٣٣ ھەزار و ٤٩٤یان بۆیان ھەیە دەنگ بۆ ٢٠٤ حزب و کەسایەتی سیاسیی بدەن بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان دەکەن لەکاتێکدا ھێشتا سەدان ھەزار رۆڵەی سوننەکان لە ئاوارەییدا دەژیین و بەشی ھەرە زۆری ناوچە سوننەنشینەکان لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەینەوا و سەڵاحەددین ھێشتا نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان کە بە ھۆی داعش و شەڕی ئەو گرووپەوە ئاوارە بووبوون، ئەمەش مەترسیی گەورەی لە لای سەرکردەکانی سوننە دروست کردووە کە دەڵێن، ھەڵبژاردنەکە گوازرشتی تەواو لە بوون و ژمارە و قورسایی پێکھاتەکەی ئەوان ناکات.
ئەندامی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی ھەڵبژاردنی ئەو حزبە، رابیحە حەمەد سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکان تێڕوانینی وایە کە ھەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لەوانی پێشووی خۆی، ئەو دەڵێت "لە ھەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراقدا کورد لە ئاستێکی بەرزی پەیوەندییە سیاسییەکاندا بوو لەگەڵ عێراقدا و رۆڵی دیاریکراوی لە بەغدا ھەبوو بەتایبەت لە حزوری ھەڤاڵی بەڕێز مام جەلال-دا کە ئەو کاتە ئامادەگییەکی زۆری ھەبوو لە گۆڕەپانی سیاسی لە عێراقدا، بەڵام بەداخەوە ئەم قۆناغەی ئێستا تەواو جیاوازە لە قۆناغەکانی پێشوو، بەتایبەت دوای ھاتنی داعش بۆ ناوچەکە، گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندیی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا و وڵاتانی ھەرێمی ناوچەکە و ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئەیلوولی ٢٠١٧، ئەوە سەرباری خراپی بارودۆخی ئابووری خەڵکی کوردستان بەتایبەت مووچەخۆران کە سێ ساڵە لە بارودۆخێکی خراپدان".
رابیحە حەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەو دواییەیدا روویداوە بەتایبەت لایەنێکی سیاسیی کوردی ئەندامان و لایەنگرانی خۆی کشاندەوە و ئەنجوومەنی پارێزگا کۆنەبووە و پارێزگایەکی دیکە دانراوە وایکردووە لیستە کوردەکان ھەوڵبدەن زۆرترین دەنگ کۆ بکەنەوە".
ئەندامی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی ھەڵبژاردنی ئەو حزبە، رابیحە حەمەد سەبارەت بە بارودۆخی کورد لە ھەڵبژاردنەکەی ئایاری ٢٠١٨ درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت "تاڕادەیەک بارودۆخی کورد لە چاو پێشوو قورسترە، چونکە بارودۆخەکە قورسترە. لە ھەرێمی کوردستاندا سێ پارێزگاکە ژمارەی کوردستانییەکان دیارە کە ٤٣ کورسییە و دیاریکراوە بۆ کورد دەبێت، بەڵام لە پارێزگاکانی کێشە لەسەری وەکو کەرکووک و دەشتی نەینەوا کە لە رابردوودا کورسیی بەرچاومان بەدەست ھێناوە کەم دەبێتەوە، پێشبینی ناکەم ئەو ژمارەیەی دەگوترێت کورد ١٠ کورسی لێ کەم ببێتەوە ئەوە باوەڕناکەم بەو شێوەیە بێت، پارتی ھاوبەشی نەکردووە لە ھەڵبژاردن، لە مووسڵیش شنگال ژمارەیەکی زۆر دەنگدەر و کورسیی ھەبووە کورد، بەڵام ئەم جارە بە ھۆی پەرتەوازەیی ناوچەکەیان و ئاوارەبوونیان و لیستی دیکەشیان دروست کردووە و ئەمە وا دەکات کورسیی کورد کەم بکاتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو ناوچانە دەنگمان کەم ناکات".
لەمەڕ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق کە ئایا بەر چی لایەنێک دەکەوێت سەرۆکی سەنتەری موستەقبەل بۆ توێژینەوە ستراتیجییەکان، عەدنان ساڵحی دەڵێت" پێموایە بەڕێز مالیکی خۆی لەو پۆستە لادەدات و کەسێکی دیکە لە جێی خۆی و لە کوتلەکەی خۆی دەپاڵێوێت، بەڵام پێموایە بەڕێز عەبادی رەنگە نەتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە و عەبادی ئێستا پاڵپشتیی ئێرانی لەدەست داوە ئەگەرچی رەنگە ھێشتا پاڵپشتی ئەمریکا و سعوودیەی ھەبێت، بەڵام زۆر نییە، بەڵام پێشبینی دەکەم کەسی سێیەم ھەبێت لە نێوان ئەو دووکەسە، ئێران ئێستا تا رادەیەکی زۆر پاڵپشتیی عەبادی ناکات، رەنگە کەسی سێیەم لەو دووکەسەوە نزیک بێت، بەڵام زەحمەتە ئەو دووکەسە ھیچیان ببنەوە بە سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق".
حەیدەرعەبادی کە دەیەوێت پۆستەکەی بۆ جارێکی تر وەربگرێتەوە پشتی بە "سەرکەوتن بەسەر داعش"دا ئەستوورە و دەیەوێت دەنگی زۆرینەی ھاووڵاتییانی عێراق بۆ خۆی و ھاوپەیمانییەتیەکەی مسۆگەر بکات، لەکاتێدا سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیکی ھەوڵی بەدەستھێنانەوەی پۆستەکەی پێشووی دەدات، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەمریکا و ئێران کە ھەمیشە یاریکەری سەرەکیین بەتایبەت لە دابەشکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە لەعێراق رۆڵ دەبینن و ئەوە یەکلایی دەکەنەوە ئەو پۆستە دەبڕنە بەری کێ و کێ بازەکەی لەسەر شان دەنیشێتەوە.