ھەولێر - AA
ھەڵبژاردنەکانی عێراق مالکی و عەبادی زیاتر لە یەکتر جیاکردەوە و ئەگەری روودانی بوومەلەرزە لە ریزەکانی حزبی دەعوە ھەیە.
بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٢ی ئایاری ئەمساڵی عێراق زیاتر لە ٢٤ ملیۆن کەس دەتوانن دەنگ بدەن، عێراق لەم ھەڵبژاردنەدا بۆ ١٨ بازنە دابەش دەبێت و ھەر پارێزگایەک لە نێوان ٧ بۆ ٣٤ پەرلەمانتاری دەبێت بە پێی ژمارەی دانیشتووانەکەی.
دیارترین دیمەنەکانی خوێندنەوەی ھاوپەیمانێتییە پێکھێنراوەکان ئەوەیە لیستە گەورەکان دابەش بوون بەسەر چەند لیست و ھاوپەیمانێتییەکی بچووکتر، ھەروەھا ھێشتا ھیچ ھاوپەیمانێتییەکی تێپەڕ بۆ مەزھەب و ئایین و رەچەڵەک نابینرێت.
لەگەڵ ئامادەکارییەکانی حزب و کوتلە سیاسییەکان بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئایاری ٢٠١٨ مشتومڕەکان لەبارەی ھاوپەیمانێتییە نوێیەکانەوە زیاد بوون، ئەوەشی تێبینی دەکرێت دابەشبوونی کوتلە گەورەکان و خورد بوونەوەیانە بۆ کوتلەی بچووکتر لەنێو یەک ماڵدا، بە نموونە کوتلە شیعی و سوننی و کوردییەکانیش بە ھەمان ئاراستە دابەش بوونی زیاتر و پارچە پارچەبوونی زیاترییان لێ کەوتووەتەوە.
حزبی دەعوەی ئیسلامی کە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نوری مالکی سەرۆکایەتی دەکات و سەرۆکوەزیرانی ئێستا، حەیدەر عەبادیش لەخۆدەگرێت بە ھۆی یەکلایینەکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئەو دوو کاراکتەرە حزبەکە ھیچ لیستێکی بۆ ھەڵبژاردنەکان نابێت، بەڵکو دوو لیستیشی ھەیە لەھەمان کاتدا کە لیستی عەبادی و لیستی مالکییە و بە دوو گەورەترین ھاوپەیمانێتییەکان لە ھەڵبژاردنەکان دەناسرێن، ئەمەش بە پێشینەیەکی مەترسیدار بۆ سەر چارەنووسی ئەو حزبە گەورەیەی شیعەکان دەزانرێت.
شارەزا لە کاروباری ھەڵبژاردن، ھۆگر چەتۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی خوێندنەوەی بۆ رەوشی سیاسی و پەرلەمانی لە عێراق دەڵێت "بێگومان لە قۆناغی یەکەمی ژیانی سیاسی عێراق کە سێ خولی ھەڵبژاردنەکان کراوە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە عێراق پڕۆسەی حوکمڕانی شکستی گەورەی پێکەوتووە و ژیانی حزبی لەچوارچێوەی ئەو پڕۆسەیە جۆرێک لە تۆمەت بەخشینەوە لە لایەنێک بۆ لایەنێکی دیکە ھەبووە، ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەوەبوو لە ئەزموونی حوکمڕانی ئەو ١٥ ساڵە جۆرێک لە گۆڕانکاری لە بونیادی حزبی سیاسی لە عێراق رووبدات و بە نموونە لیستگەلێک دروست ببن تایفەگەری و ناوچەگەری و ئەوانە تێپەڕێنێت، بەداخەوە ئێستاش نەتوانراوە مەسەلەی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و ئەو شتانە تێپەڕێنرێت، ھێشتا عێراق لەچوارچێوەی سێ پێکھاتەی گەورە و سەرەکی کە عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە و کوردە ماوەتەوە".
دەشڵێت "لەگەڵ ئەوەی کە روویداوە ئەم ھێزانە لە یەک لیستی گەورە بوونەتە چەند لیستێکی جیاواز، بە بۆچوونی ئێمە ئەم پڕۆسەیە جۆرێکە لە ئەگەری ھەوڵی دروستکردنی حکوومەتی زۆرینە کە دواجار لایەک پەنا بۆ ئەوی تر لە پێکھاتەکان دەبات، بەڵام ئەمجارە دابەشکردنێکی جیاوازە لە رابردوو و لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دەمێنێتەوە کە کام لیست زیاتر دەھێنێت".
ئەو شارەزایە لەدرێژەی قسەکانیدا لەبارەی ھاوپەیمانێتییەکانەوە رایدەگەیەنێت "ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە ئێستا شیعە بەسەر چوار لیستی سەرەکی دابەش بوون، سوننە بەسەر دوو لیست دابەش بوون، کورد دابەش بوون بەسەر دوو کوتلەی سەرەکی و لە پەراوێزیشدا چەند کوتلەیەکی دیکەش دەبێت، تەماشای ئەنجامەکان دەکەین، پێموایە ئەوانەی زۆرینە پێکدەھێنن لە مەسەلەی چەند لیستی بۆیان دەردەکەوێت کە ھاوپەیمانێتییەک پێکبھێنن بۆ زۆرینە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەم مۆدیلە بۆ عێراق ناشێت و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ تەوافوق".
لەبارەی دوو لیستییەکەی حزبی دەعوەشەوە دەڵێت "حزبی دەعوە ئینشیقاقی تێکەوتووە لە بنچینەدا، حزبی دەعوە ئێستا ھەشت حزبە، جەعفەریش وابوو، بەڵام ئەو زوو حزبی چاکسازیی دروست کرد، حزبی دەعوەی عێراق ھەیە، داخل و خارجی ھەیە، بەرژەوەندییەکان و دەسەڵات و شێوازی بەڕێوەبردن و نەبوونی دیموکراسییەت لەناو ژیانی حزبی ئەمانە کێشەی حزبی سیاسیین بەتایبەت ئەگەر ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و پۆستەکان نەبوو ئەو مەسەلەیە ئاڵۆز دەبێت و ھەر کەسێک بووە سەرۆکوەزیران ناتوانێت جارێکی تر ببێتەوە سەرۆکوەزیران، ئەمە حاڵی حزبی کوردیشە بەھەمان شێوەیە، ئێستا ھەردوولا کار لەسەر زۆرینەی دەنگی دەنگدەر دەکەن، بە ھێنانی ئەوە ئەو کەسە پاڵێواز دەبێت بۆ قۆناغێکی تر لە حوکمڕانی و سەرۆکوەزیران وەردەگرێت".
بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو کەسانەی بۆیان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠١٨دا بکەن و دەنگبدەن ٢٤ ملیۆن دەنگدەری تێپەڕاندووە، بەدیاریکراویش ٢٤ ملیۆن و ٣٣ ھەزار و ٤٩٤ کەس دەبێت و رێژەی ٤٤ لەسەدییان تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە. ھەروەھا عێراق لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨دا بەسەر ١٨ بازنەی ھەڵبژاردن دابەش کراوە. لە ھەر بازنەیەک بە پێی رێژەی دانیشتووان حەوت بۆ ٣٤ کاندید سەردەکەون. کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقی ٣٢٨ کورسییە و ھەشت لەو کورسییانە تایبەتن بە کۆتاکان کە پێنج مەسیحی و سێ کورسی بۆ ھەریەک لە سابیئەکان و ئێزیدی و شەبەک.
ھۆگر چەتۆ لەبارەی دابەشبوون بەسەر رەوتەکانی عەبادی و مالکی دەڵێت "لەبەرامبەریشدا رەوتی سەدر ھەیە کە پێشبینی دەکەم لە نێوان ٤٠ تا ٤٥ کورسی ببات و کورسی ئەممان یەکلایی بووەتەوە، موقتەدا سەدر لە ژیانی سیاسی بەشدار نییە خۆی، بەڵام رەوتەکەی دژ بە نوری مالکیین، ئەوەشی ھادی عامری و حەشد کورسییان چەند و چۆن دەبێت و ئایا لەگەڵ مالکی دەبن یان عەبادی ئەوە دیار نییە، ھەروەھا رەوتی و حیکمە و ئەوانی دیکەش ھەن کە ئەگەری زۆرە لەگەڵ عەبادی بن".
لەبارەی کوردیشەوە گوتی: "پێم وایە لەگەڵ کورد و سوننەش ئەم حاڵەتە ھاتووەتە پێش، کورد دوو بەرەیە، سوننەش دوو بەرەیە، عەلاوی سەرۆکایەتی یەکێکیان دەکات و عەقڵانی ترە، پڕۆژەیەکە بە روونی رێککەوتنە لەگەڵ عەبادی، بۆیە ئەگەری زۆرە عەبادی سەربکەوێت بۆ دروستکردنی حکوومەت، ئیتر ئایا دەتوانێت کوتلەی کوردیش رازی بکات بۆ ئەوەی بەلانیکەم ٢٠٠ کورسییان ھەبێت و بە ئاسانی حوکمڕانی بکەن".
سەبارەت بە ھێزە سوننییەکانیشەوە دەڵێت "سوننەکان گەرەنتی زۆریان دراوەتێ کە پێش ھەڵبژاردن ٨٥ لەسەدی خەڵکی ناوچەکانییان بگەڕێنەوە، ھەندێک ھەر ناگەڕێنەوە شوێنی خۆیان کە لەگەڵ داعش تێوەگلاون، ئۆفیسەکانی پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەددین، نەینەوا و ئەنبار دەڵێن رێوشوێنی جیاواز دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆن دەیەوێت سوننەکانیش رازی بکات، بە بۆچوونی ئێمە ھەڵبژاردن دواناخرێت، کۆمیسیۆن دەیەوێت لەکاتی خۆی بکرێت، ھەروەھا بیرمان نەچێت لە ساڵی ٢٠١٤ش ھەڵبژاردنی عێراق ئاوارە ھەبوو، بەڵام ئیتر لەو شوێنانەی ئاوارەن دەنگ دەدەن و ئەوەش ئاساییە و تێدەپەڕێنرێت".
ھەروەھا روونی دەکاتەوە کە ئەگەری ئەوە ھەیە بە ھۆی ئەو دابەشکارییە زۆرەی ھەیە ئاماژەکان بەرەو پێکھێنانی لیستی زۆرینە بدەن، ئەو دەشڵێت "بە بۆچوونی ئێمە ئاسان نییە تێپەڕێنرێت، بەڵام ئەگەری ھەیە زۆرینە و کەمینە دروست بکرێت لە عێراقدا دەستوور وا بونیادنراوە و ھۆشیاریی سیاسی وایە کە کوردێک لە بەسرە ناتوانێت دەنگ بھێنێت، ھەروەھا شیعەش لە کوردستان ناتوانێت دەنگ بھێنێت، چونکە کوتلەیەک کە ئەو دوو پێکھاتەیە یان سێیان تیادا نییە، بە بۆچوونی ئێمە زەحمەتی گەورە دەبێت بۆ حوکمڕانی و ھەروەھا بۆ دروستکردنی حکوومەت و ئەوانە و لە چوار ساڵی ئایندەش بەشێکی زۆر لە نائارامی سیاسی دەبینین".
لە پاڵ ٣١ ھاوپەیمانێتی، ٢٠٤ حزب بە بێ ھاوپەیمانێتی و وەکو حزب بەشداریی لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق دەکەن و ھێشتا ھیچ کام لەو ھاوپەیمانێتییانە لەسەر بنچینەیەک دانەمەزراون کە تایفەگەری و ناوچەگەری و نەتەوەگەری تێپەڕێنێت، ئەمەی خوارەوەش دیارترین ھاوپەیمانێتییە پێکھاتووەکانە:
ا-ھێزە شیعییەکان:
- ھاوپەیمانێتی سەرکەوتن و چاکسازی کە لە لایەن سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی-یەوە سەرپەرشتی دەکرێت، چەندین گرووپ و لایەنی سیاسی لەخۆدەگرێت لە نێویاندا کوتلەی وەزیری پێشووی بەرگری، خالید عوبەیدی ھەیە.
-ھاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، مالکی و موەفەق روبەیعی و چەند سەرکردەیەکی دیکە سەرۆکایەتی دەکەن.
- ھاوپەیمانی" الفتح المبین" سەرۆکی کوتلەی بەدر، ھادی عامری سەرۆکایەتی دەکات و ژمارەیەک لە کەسایەتی لەخۆدەگرێت کە زۆرینەیان سەربازیین و لە شەڕی داعشدا بەشدارییان کردووە لە نێویاندا "عسائب اھل الحق" و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی.
ب- ھێزە سوننییەکان:
-ھاوپەیمانی نیشتمانی ھەریەک لە ئەیاد عەلاوی و سەلیم جبوری و ساڵح موتڵەگ و چەندین سەرکردەی ھۆزەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار لەخۆ دەگرێت، بەگشتی نزیک بە ٣٣ کوتلە و لایەن لەخۆ دەگرێت.
-ھاوپەیمانێتییەک کە ئوسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەر و سەلمان جومیلی و چەندین حزبی دیکە کە ژمارەیان دەگاتە ١٦ لایەن وەکو ھێزێکی سوننەکان دەردەکەون.
-ھاوپەیمانی ھێزەکانی عەرەبی لە لیستێک بەناوی" ھاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک".
ج-ھێزە کوردییەکان:
-ھاوپەیمانی نیشتمان لە لایەن ھەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پێکدێت.
-پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دوو حوکمڕانی سەرەکیین لە ھەرێمی کوردستان بەجیا بەشداریی ھەڵبژاردنەکان دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی بەشدارییکردنی لە ھەڵبژاردنەکان لە کرکووک کردووە.
د- ھاوپەیمانێتی دیکە:
-ھاوپەیمانێتی "سائرون" کە چوار رەوتی سەرەکی لەخۆدەگرێت و رەوتی "الاستقامە"ی سەر بە موقتەدا سەدر لە ترۆپکیدایە لەگەڵ حزبی شیوعی و دوو لایەنی دیکە.
-"الحکمە و البنا" ئەو ھاوپەیمانێتییەی سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات.
-ھاوپەیمانێتی بەرەی تورکمانی کە شەش حزبی تورکمان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی بەرەی تورکمانی، ئەرشەد ساڵحی لەخۆدەگرێت.
- ھاوپەیمانی رافیدەین چەند کوتلە و لایەنێکی ئاشووری کلدانی لەخۆدەگرێت لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و بەغدا و کەرکووک.
news_share_descriptionsubscription_contact

