شیکردنەوە

عێراق.. سه‌ركه‌وتنی سه‌در و بارزانی و شكستی لایه‌نگرانی ئێران

- لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق رەوتی سەدر و لە ھەرێمی کوردستانیش پارتی وەک براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە چوونەتە پەرلەمان، پارتەکانی لایەنگری ئێران دووچاری شکستێکی گەورە بوون، ئەوەش ئاماژە بە سەرھەڵدانی سەردەمێکی نوێ لەو وڵاتدا دەکەن.

Mehmet Alaca  | 21.10.2021 - نوێکردنەوە : 22.10.2021
عێراق.. سه‌ركه‌وتنی سه‌در و بارزانی و شكستی لایه‌نگرانی ئێران

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA / MEHMET ALACA

ھەڵبژاردنە گشتییە پێشوەختەکەی ١٠ی تشرینی یەکەم کە ماوەیەکی زۆر بوو لە عێراق چاوەڕوان دەکرا ئەنجامدرا و ئەنجامەکانیشی سوپرایزێکی چاوەڕوان نەکراوی دروست کرد.

ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ھەڵبژاردنەکەی ئایاری ٢٠١٨ەوە تا ئێستا وڵاتی گرتووەتەوە، زیاتربوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کایەی عێراقدا، قەیرانی حکوومەت کە لە ٢٠١٩دا سەری ھەڵدا و ئەو کێشە سیاسیی، ئەمنیی و کۆمەڵایەتییانەی کە بەھۆی خۆپیشاندانەکانی دژبە ئێران سەریان ھەڵدا، ھەموویان کاریگەریان ھەبوو لەسەر رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکەدا، ئەوە وای کرد رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەدا سەدا ٤١ بێت کە ئەوەیش نزمترین رێژەی بەشداریکردنە لە دوای داگیرکاریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کە بێزاری و نائومێدی کۆمەڵگا نیشان دەدات.

لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق رەوتی سەدر کە سەرکردەی شیعە، موقتەدا سەدر سەرکردایەتی دەکات و لە ھەرێمی کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی وەک براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە چوونەتە پەرلەمان، پارتەکانی لایەنگری ئێران دووچاری شکستێکی گەورە بوون، کە ئەوەش ئاماژە بە سەرھەڵدانی سەردەمێکی نوێ لەو وڵاتدا دەکەن.

- کۆمەڵگا ھیچ چاوەڕوانییەکی نەماوە لە سیاسەت

رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکەدا لە نزمترین ئاستی پێنج ھەڵبژاردنی رابردوودایە. رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکەی ٢٠٠٥دا، سەدا ٧٨ بوو دوای ئەوە وردە وردە دابەزیوە. لە ٢٠١٨دا سەدا ٤٤ و لەم ھەڵبژاردنەشدا دابەزی بۆ سەدا ٤١.

لە عێراقدا کە ٢٦ ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو ھەیە لە ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردندا کە بە سیستمی نوێی ھەڵبژاردنی بازنەی تەسک کە یەکەمجارە پەیڕەو دەکرێت زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس دەنگیان دا، ھەرچەندە وا دەردەکەوێت کە بەراورد بە رابردوو بەھۆی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە تا رادەیەک ھەڵبژاردنەکە پارێزراو بووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە دەستکاریکردنی رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا کراوە. نووسەری ئەم شیکارییە کە وەک چاودێرێکی نێودەوڵەتیی ئامادە بووە، باس لەوە دەکات کە لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی بەغدا رێژەی بەشداریکردن لە بنکەکانی دەنگدان سەدا ٢٠ی تێپەڕاندووە.

بەپێی پێڕستی تێگەیشتنی رێکخراوی شەفافییەتی جیھانیی، عێراق لەنێو ١٨٠ وڵاتدا لە پلەی ١٦٠دایە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دیاریکردنی شیرازەی نوێ لە چوارچێوەی سیستمی کۆتای رەگەزیی و مەزھەبیی وای کرد کە نیپۆتیزم و گەندەڵی ئابووریی وەک کێبڕکێی سیاسیی ببنە بەشێک لە سیستمەکە. لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئەمڕۆ، نزیکەی ٤٥٠ ملیار دۆلاری بوودجەی گشتیی بووەتە ھەڵم و دیار نەماوە.

عێراق کە خاوەن پێنجەم یەدەگی نەوتی جیھانە، سەرچاوەکان لەنێوان چەند بەشێکی دیاریکراودا دابەشکراون، ئەوە لە کاتێکدایە کە رێژەی بێکاری لە سەدا ٣٠ی تێپەڕاندووە لەو وڵاتەدا کە رێژەی دانیشتوانەکەی لە سەدا ٧٠ی خوار تەمەنی ٣٥ ساڵەوەن. بەھۆی گەندەڵی، بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتیی بەتایبەتی بڕینی کارەبا و ئاو بووەتە ھۆی ئەوەی تووڕەیی دژە حکوومەت لە کۆمەڵگادا لە زیادبووندا بێت.

زیادبوونی گەندەڵی لە دوای شەڕی داعش و بێتوانایی یان ھەوڵنەدانی سیاسییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات، بووە ھۆی زیادبوونی توڕەیی خەڵک. لەپاڵ ئەمانەشدا زیادبوونی بەردەوامی ھەژموونی ئێران و ھەڵوێستی پڕفشاری ئەو لایەنە سیاسی و میلیشیا سەربازییانەی لەلایەن حکوومەتی تاران-ەوە پشتیوانییان دەکرێت، ھێندەی تر ئاگری توڕەیی گەرم کرد. تا کاتێکیش لایەنە سیاسییەکان و مەرجەعە ئایینییەکان سامانی وڵات لەگەڵ گەل بەش نەکەن، ئاستەمە ھاووڵاتییان لەگەڵ سندوقەکانی ھەڵبژاردن، ئاشتببنەوە.


- رەوتی سەدر بردیەوە و لایەنگرانی ئێران شکستیان ھێنا

رەوتی سەدر کە لەلایەن موقتەدا سەدر-ەوە رابەرایەتی دەکرێت، توانی لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا سەرکەوتنێکی بەرچاو تۆمار بکات و لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق، ٧٣ کورسی بەدەست بھێنێت. بەم سەرکەوتنەش بووە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان.

ھاوپەیمانیی فەتح کە لە ھەڵبژرادنەکانی ٢٠١٨دا ریزبەندی دووەمی بەدەستھێنابوو و ببوو بە براوەی ٤٨ کورسی لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا دووچاری شکستێکی گەورەبوو و دوو لەسەر سێی دەنگەکانی لەدەست دا. لە بەرامبەردا ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالکی-یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو دەنگەکانی زیادی کرد و بە بەدەستھێنانی ٣٧ کورسی بووە براوەی دووەمی ھەڵبژاردنەکان.

جێی وەبیرھێنانەوەیە لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ رەوتی سەدر بە ھاوبەشی لەگەڵ ھاوپەیمانیی فەتح حکوومەتیان پێکھێنا، بەڵام دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارە ھاوسەنگی ھێز بەتەواوەتی دەگۆڕێت.

ھۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی رەوتی سەدر دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک کە گرنگترینیان بریتییە لەوەی لەلایەن خێزانێکی ناوداری شیعەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و میراتێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ھەیە، ھەروەھا ھەڵوێستێکی ئاشکراشی دژبە ئێران و ئەمریکا ھەیە.

موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتەکە بەپێچەوانەی پەیوەندییە نزیکەکانیان لە رابردوودا، مەودای خستووەتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، رۆژێک پێش ھەڵبژاردنەکانیش بە جلی کولتووری عێراقییەوە دەرکەوت و جەختی لەسەر "نەتەوایەتی عێراقی" کردەوە، ئەمەش نیشانەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەر ھەیە لە قۆناغی ئایندەدا ئەم رەوتە لەو گرووپ و لایەنانە نزیک ببێتەوە کە دوورن لە ئێران.

یەکەمبوونی رەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بەمانای گرتنە ئەستۆی ئەرکی پێکھێنانی حکوومەت دێت. لەم چوارچێوەیەشدا ئەگەرێکی زۆر ھەیە ھاوپەیمانییەک لەنێوان رەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان کە ٣٢ کورسی بەدەستھێناوە، بێتەئاراوە، ھەروەھا ئەگەرھەیە هاوپەیامانیی تەقەدوم کە لەلایەن محەمەد حەلبوسی-یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بە بەدەستھێنانی ٣٨ کورسی بووەتە بەھێزترین پارتی سوننەکان، بێتە ناو ھاوپەیمانییەکە.

رەوتی سەدر بۆ پێکھێنانی حکوومەت پێویستی بە چەند لایەنێکی دیکەش دەبێت، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم لایەنانە ھاوپەیمانیی فەتح و نوری مالیکی نەبن کە لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی پتەویان ھەیە. واش دەردەکەوێت کە ئامانجی لێدوانەکەی موقتەدا سەدر کە ھۆکاری دواکەوتنی راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی بە "دەستوەردانی ناوخۆیی و دەرەکیی" ناوبردبوو، سەردانەکەی فەرماندەی فەیلەقی قودس، ئیسماعیل قائانی بێت کە دوای رۆژێک لە ھەڵبژاردنەکان ھات بۆ عێراق و بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە بەھۆی ئەو سەردانە و دانوستانەکانی قائانی لە بارەی ھەڵبژاردن، راگەیاندنی ئەنجامەکان دواکەوتووە.

لە لایەکی دیکەشەوە وا پێدەچێت کە رەوتی سەدر ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچکام لەو لایەنە شیعانەدا ئەنجام نەدات کە تێوەگلاون لە دژایەتیکردنی شۆڕشی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، بەتایبەت پارتەکەی نوری مالیکی کە تۆمەتبارە بە رشتنی خوێنی خۆپیشاندەران، بەڵام بوون بە ئۆپۆزسیۆنی ئەو لایەنانەشی لایەنگری ئێران-ن مەترسی ئەوەی ھەیە کە کێشەی ئەمنی لە وڵاتدا دروست ببێت.


- گۆڕانی ھێز لە ھەرێمی کوردستان

لە کاتێکدا رەوتی سەدر لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان بوو، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە بەدەستھێنانی ٣٣ کورسی بووەوە بەھێزترین حزب لە ھەرێمی کوردستان. پارتی دیموکراتی کوردستان کە ھاوشێوەی رەوتی سەدر میوەی سیستەمی نوێی دوا ھەڵبژاردنی دووریەوە لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، بە بەدەستھێنانی ٢٥ کورسی بووە یەکەمین حزب لە بەدەستھێنانی ژمارەی کورسییەکاندا. پارتی کە لەم ھەڵبژاردنەی دواییدا ھێزی خۆی لە کەرکووک و مووسڵ زۆر بەھێز کرد، ئیدی توانای دانوستانی لە ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی عێراقیش زۆر بەھێزترە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دووەمین حزبی بەھێزە لە ھەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی ھاوپەیمانیی کوردستان-ەوە چوونە ناو ھەڵبژاردنەکان، کەچی توانی تەنھا ١٦ کورسی بەدەست بھێنێت. یەکێتیی جگە ناڵاندنی بە دەست کێشە ناوخۆیییە چارەسەرنەکراوەکانی دوای جەلال تاڵەبانی و گرژییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەت دوای ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی، ھەروەھا لادانی لاھور شێخ جەنگی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی کە ھاوشێوەی ئەو ھاوسەرۆکی یەکێتییە، لەو ھۆکارانەن کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە بەم جۆرە بن. پێدەچەت لاوازبوونی یەکێتی لە سیاسەتی ناوچەکە و عێراقیشدا دەستی پارتی بەھێزتر بکات. ‌

لە کاتێکدا تا دێت ھێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەمی دەدات، چی بزووتنەوەی گۆڕان-یشە وەک بڵێی تواوەتەوە. گۆڕان کە لە یەکێتیی جیا بۆوە و لە ٢٠٠٩ دامەزرا و لە کاتێکدا بەگژ سیستەمی دووحزبی پارتی و یەکێتیدا دەچۆوە لە ھەرێم، ھەرچەند بۆ ماوەیەکی کەم توانی ببێتە حزبی دووەم، بەڵام بەھۆی نزیکبوونەوەی سەرەتا لە پارتی و دواتر لە یەکێتیی و ئەو سیاسەتە ھەڵەی گرتبوویە بەر، لەلایەن دەنگدەرانەوە سزا درا.

لە بەرامبەر ئەمەدا، دەبیندرێت جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە ئەویش وەک یەکێتی و گۆڕان بنکەی جەماوەری زیاتر لە سلێمانییە، بەھێزتر بووە. نەوەی نوێ کە بەوە ناسراوە بەتوندی ئۆپۆزسیۆنە بەرامبەر پارتی، لەو ھەڵبژاردنەدا نۆ کورسی بە دەست ھێناوە و چاوەڕوان دەکرێت ئۆپۆزسیۆنبوونی بەرامبەر پارتی بەردەوام بێت.

وەک ئەنجام پێ دەچێت کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لەنێوان ئەو شیعانەی براوەی ھەڵبژاردنەکە بوون، حزبە بەھێزەکانی سوننە و کوردەکان پێک بھێندرێت. سوپاسی سەدر لە دوای ھەڵبژاردنەکان بۆ مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەوانەیە پێدانی شانسی بوونەوە بە سەرۆکوەزیرانی کازمی بێت. راگەیاندنی ھەواڵگری دەستگیرکردنی سامی جاسم جبوری کە یەکێک لە یاریدەدەرانی سەردەستەی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی یەک رۆژ دوای ھەڵبژاردن لەلایەن کازمی-یەوە دەکرێت وەک ئاماژەیان بۆ چاوەڕوانییەکانی ناوبراو بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی وەزیران بخوێندرێتەوە. کازمی کە لەوانەیە لەلایەن سوننە و کوردەکان، ئەمریکا و ئێرانیشەوە پەسەند بکرێت، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و تورکیاش باشە لەوانەیە بە سەرۆکوەزیرانی ئەم خولەش دابندرێتەوە.

بەڵام ھەرچەند وا لێک بدرەتەوە کە سەدر لەگەڵ بارزانی و حەلبوسی پێکەوە حکوومەت پێک دەھێنن، سیاسەتی بەرژەوەندی کە لە عێراق جێگیر بووە، لەوانەیە تەواوی لێکدانەوەکان بگۆڕێت. بە تایبەت ھەڵوێستەکانی سەدر کە بەوە ناسراوە ھەڵوێستەکانی چاوەڕوان نەکراون لەوانەیە لێکدانەوەکان ژێراوژوور بکات.‌

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن