Mücahit Enes Sevinç
06 تشرینی یەکەم 2026•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2026
هەفتەی "داهێنانی تورکیا ٢٠٢٦" لە ١٥ بۆ ١٧ی ئۆکتۆبەری ئەم مانگە بە تەوەری سەرەکی "سەردەمی نوێی مرۆڤایەتی" ڕاگەیاندرا.
هەفتەی "داهێنانی تورکیا ٢٠٢٦" کە ئاژانسی ئانادۆڵو هاوبەشی میدیاییەکەی دەکات، ڕۆژانی ١٥ بۆ ١٧ی ئۆکتۆبەری ئەم مانگە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی خەلیج لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندەکەدا کە بۆ جار سێزدەهەمە بەڕێوەدەچێت، بە پشتیوانی وەزارەتی بازرگانی و میوانداری کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا ئەنجام دەدرێت و تەوەری سەرەکی کۆڕبەندەکەش "سەردەمی نوێی مرۆڤایەتی" دەبێت.
لەم بارەیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا مستەفا گولتەپە ڕایگەیاند: "وەرچەرخانەکان هەر لە سەردەمی هەڵم و کارەبا هەتا ئۆتۆماسیۆن و بەدیجیتاڵیبوون، بەرهەمهێنان، بازرگانی و ژیانیان بە تەواوی گۆڕیوە و ئێستاش بە ژیری دەستکرد، ڕۆبۆتەکان، تەکنۆلۆجیا و داتا جیاجیاکان، جیهان چووەتە قۆناغێکی نوێ".
گولتەپە ئاماژەی بە سەرکەوتنەکانی تورکیا لەم بوارە و بە تایبەتیش بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە کرد و گوتی، ئامانجی ئەنقەرە، بەرزکردنەوەی پێگەکەی و لە هەمانکاتدا هەناردەی زیاترە بە کوالیتی باشتر و گوتی: "ئەو کۆمپانیایانەی کە هەناردەکاری سەرەکین، بە تایبەتی وەبەرهێنان دەکەن لە بواری توێژینەوە، پەرەپێدان و تۆماری بەرهەمی نوێ".
هەفتەی "داهێنانی تورکیا ٢٠٢٦" لە نۆ بەش پێک دێت و ١٢٠ کەس وەک پێشکێشکاری بابەتی جیاجیا بەشدار دەبن و لە بوارەکانی ژیری دەستکرد، نموونەکانی نوێی سیستەمی خولقاندنی دەرفەتی کار و پیشەسازیی و زانستی ڕەفتاری و هونەر و تەکنۆلۆجیا قسە بۆ بەشدار بووان دەکەن.
بەرپرسانی کۆمەڵەی هەناردەکارانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە هەفتەی "داهێنانی تورکیا ٢٠٢٦" تەنیا کۆڕبەندێکی سێ ڕۆژە نییە بەڵکو کۆکراوەیەکە لە چالاکییەکانی ساڵانە لە بوارەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان، خولقاندنی دەرفەتی کار و داهێنانی بەردەوام و بەهێزکردنی ژینگەی داهێنان لە وڵاتدا.