Sangar Hamad Azeez
30 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2016
واشنتۆن
واشنتۆن و مۆسکۆ روونکردنەوەی جیاوازیان دا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری و وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ.
لە میانی کۆنگرەی رۆژانەیدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی باسی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا کرد.
جۆن کیربی گوتی: "لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی سێرگێی لاڤرۆڤ باسی لە چاوەڕوانیەکانیان بۆ کۆبوونەوەی جنێف و بەشداریکردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کردووە لە کۆبوونەوەکان".
جۆن کیربی گوتی: "لە میانی پەیوەندیە تەلەفۆنەکەیدا جۆن کیری داوای لە رووسیا کردووە بەو هەنگاوە گرنگانەی کە دەینێن پێویستە وەڵامی داواکاری گەلی سووریا بدرێتەوە و هەروەها باسی لە گرنگی کۆبوونەوەکانی جنێف کردووە".
لە بەرامبەردا رووسیا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند کەوا هەردوو وەزیر باسیان لەو بانگەشانە کردووە کە ژمارەیەک بەپرسی ئەمریکی باس لەوە دەکەن کەوا سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لە کاری گەندەڵیەوە تێوە گلابێت".
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "جۆن کیری داوای لە سێرگێی لاڤرۆڤ کردووە کەوا ئەو جۆرە بانگەشانە نابێت کاریگەری لە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکات".
بەرپرسی دەزگای هەواڵگری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئادەم سزوبین بانگەشەی ئەوەی کردبوو کەوا سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لە کاری گەندەڵیەوە تێوەگلاوە.
لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا دوێنێ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مارک تۆنەر لە بارەی بانگەشەی تێوەگلانی پوتین لە کاری گەندەڵیەوە گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی قسە ناکەم. حکوومەتی رووسیا زۆر باش لە بیرکردنەوەکانمان دەگات لە بارەی گەندەڵیەوە. بەڵام نیگەرانیەکانمان بەردەوام دەبێت لە چەندین بابەتی گەندەڵی دیکە کە رووسیا تێوەگلاوە".