Ekip
30 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2016
سۆران
عەلی عاشق كە ناوی تەواویی عەلی عەبدوڵڵا شێخ-ە، خەڵكی گوندی سرێشمەی سەربە ناحیەی خەلیفانە لە سنووری قەزای سۆران سەربە پارێزگای ھەولێر، چیرۆكی ژیانی پڕە لە داخی عەشقێكی نەمر، ئەو پیاوێكی سوێندخواردووە كە لە تاوی بەدەستنەھاتنی كچێك گۆشەگیری هەتا ھەتایی ھەڵدەبژێرێت.
عەلی عاشق ئەو پیاوە ٧٩ ساڵانەیە كە لە گوندی سرێشمە لە دایك بووە، لە تەمەنی لاوێتیدا ئەوینداری كچی خاڵی بووە، بەڵام بۆ بەیەكتر گەیشتن رێگریان لێ كرا، ھەر بۆیەش بڕیار دەدات ئەوینداری ھیچ كچێكی تر جگە لەو نەبێت. سەرەبات بە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا بۆ ئەو شوێنەی ھەڵبژارد بۆ مانەوە عەلی عاشق دەڵێت: "ویستم تەركیی دونیا بكەم و تەنھا وێڵی ئەو سۆزە بم كە بەرامبەر عەشقەكەم ھەبوو". بەڵام دیسان ئەو ناوی عەشق بە گرنگ نازانێت، بەڵكو وەفاداریی و دڵبەندیی خۆی بە سەرچاوەی ھەموو خۆشەویستیییەكانی جیھان دەزانێت، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە بڕوا ناكات ھیچ كەسێك لە دونیایە ھەبێت بەقەدەر ئەو ئارام و خۆڕاگر بووبێت، بۆیەش ھیچ كاتێك دڵی بە حاڵی خۆی نەسووتاوە.
ئەو پیاوە كە سەری خۆی لە تاڤگە بەناوبانگەكەی گەلی عەلی بەگ سپی كردووە، سوێند دەخوات كە رێك ٦٥ ساڵە لەو گەلیە دەرنەچووە، وەسیەتیش دەكات كە ئەو كاتە لە گەلی عەلی بەگ بیبەنە دەرەوە كاتێك دەمرێت و لە رواندز بنێژرێت. ئەو دەڵێت "من شێت نیم بەڵكو شێتی ئەوینداریی و وەفاداریی مرۆڤێكم". بەڵام دیسان بێ ھیوا نییە لەوەی كە جارێكی دیكە گەنج دەبێتەوە و بە كیژە خاڵە خۆشەویستەكەی دەگات.
سەبارەت بەوەی كە بۆ پێی دەڵێن عەلی عاشق و لە كەیەوە ئەو نازناوەیان لێنراوە دەڵێت: "لەبەر ئەوەی كەسێكم كەسایەتی خۆم پاراستووە بۆیە شانازیی بەخۆمەوە دەكەم. بۆ یەكەمجاریش بەر لە ساڵی ١٩٩٠ بوو كە كەناڵێكی بیانی سەردانی كردم بەو نازناوە ناوی ھێنام، بۆیەش تا ئێستا خەڵك بەو ناوە بانگم دەكەن".
كاتێك ھەڤپەیڤینەكەمان بەردەوام دەكرد داوامان لە عەلی عاشق كرد، بە یەكەوە پیاسەیەكی شار بكەین كە تەنھا ١٠ خولەك رێگای ئۆتۆمبێلە، بەڵام رەتی كردەوە و گوتی: "من سوورم لە سەر بڕیارەكەم و لەسەر ئەوەش دڵگران دەبم ھەركەسێك ئەم داوایەم لێ بكات".
عەلی عاشق لە درێژەی قسەكانیدا دەربارەی چارەنووسی خۆی و ئەڤیندارەكەی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەو كەوتە نێو دەریای ناوەڕاست و منیش كەوتمە نێو دەریای رەشەوە، خۆی و عەشقەكەشی بە لەیل و مەجنوون ناو دەبات.
عەلی دڵخۆشە بەوەی كە زۆربەی سەركردەكانی عێراق و كوردستان سەردانیان كردووە، لە وانەیش مەلیك غازی كە لە كاتی سەردانیكردنی بۆ ماڵی گولیزارخانی دایكی سەید تەھا لە كاتی گەڕانەوەی سەردانی عەلی عاشق دەكات، ھەروەھا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی چەندینجار پەیام و ھاوكارییان بۆ ناردووە، تەنانەت لە زۆربەی قسەكانیدا باس لە بارزانی دەكات كە چۆن مایەی سەقامگیریی ناوچەكەیە، ھاوكات لە بەرامبەر دروستكردنی خانوویەك بۆی سوپاسگوزارە.
عاشق كەسێكی نەخوێندەوارە، ئەو لەبەر رەوشی ژیانی ئەو سەردەمە كە لە ناوچەی برادۆست شوانكار بووە و دواتر كەوتنە نێو دەریای عەشقەوە ناتوانێت لە قوتابخانە بخوێنێت، دەربارەی وەرگرتن و زانینی ھەواڵی ناوخۆ و دەرەوە دەڵێت: "بۆ ئاگاداربوونم لە ھەر رەوشێك تەنھا گوێ لە رادیۆ دەگرم، و دیسانیش لەبەر ئەوەی كەوتوومەتە سەر رێگای سەرەكی نێوان دەڤەری سۆران و ھەولێر ھاوكات ھاموشۆی خەڵك، بۆم دەگێڕنەوە كە چ گۆڕانكارییەك لە كوردستان، عێراق و جیھان روودەدەن".
ئەوەندەی كە لێی ئاگادارە ئەم رەوشە بە باش و ئەرێنی دەبینێت، بەڵام باشتربوونی بارودۆخەكە بە لەناوبردنی داعش كە بە "منداڵانی شەیتان" ناویان دەبات ئارامتر و جێگیرتر دەزانێت. لە ئێستاشدا ماڵەكەی ئەو بووەتە جێی ئەو كەسانەی كە تامەزرۆی كەسێكن كە ژیانی خۆی كردۆتە فیدای قەدەر و بە بەردەوامی خەڵك سەردانی دەكەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا عەلی عاشق دەڵێت: "چاوەڕێی باش بوونی بارودۆخی عێراقم بەو ھیوایەم ئارام بێت و منیش ھەرلێرە ژنێك بھێنم و ھەر لێرەش بژیم".