Ramal Abdullah Mahmood
24 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2017
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامێک، پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی لە گشت موسڵمانان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا پەیامی پیرۆزبایی تیلەرسنی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەژنی رەمەزان لە گشت موسڵمانان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. ئەم جەژنە ئەنجامی مانگی رەمەزانە کە بە واتای هەستکردن دێت بە رۆژووگرتن، پەرستش و چاکەکردنی خەڵکانێکی زۆر. ئەمڕۆ رەنگدانەوەی پەیوەندی هاوبەشمانە بۆ هاتنەدی ئامانجی بونیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئاشتیخواز و خۆشگوزەرانی".
ساڵانێکی دوورودرێژە وەک نەریتێک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خوانی بەربانگ بۆ موسڵمانان رێک دەخات، بەڵام ئەمساڵ هەڵوەشێنرایەوە و لەبری ئەوە تیلەرسن پەیامێکی بەبۆنەی رەمەزانەوە بڵاوکردەوە.