Muhammet Ali Kemal
24 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2017
گوتەبێژی کۆشکی سپی، شان سپایسەر، سەبارەت بە قەیرانی نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان، ئاماژەی بەوەکرد ئەوان پێیان وایە "ئەوە بابەتێکی نێو یەک خێزانە" و ئەگەر داوایان لێبکرێت ئەوان ئامادەن وەک ئەمریکا رۆڵی ئاسانکاریی بگێڕن.
شان سپایسەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە بەبێ ئامادەبوونی کامێرا، سازییکرد، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە قەیرانی کەنداو دایەوە.
سپایسەر جەختی لەوەکردەوە کێشەکە قەیرانی نێوان وڵاتە پەیوەندیدارەکانە و هەر دەبێت لەرێگەی هەوڵی خۆیانەوە چارەسەر بکرێت و رایگەیاند: "٤ وڵات لایەنی ئەم کێشەیەن، ئێمە پێمان وایە ئەمە بابەتی نێو یەک خێزانە و پێویستە خۆیان چارەسەری بکەن. ئەگەر ئێمە بتوانین رۆڵێکی ئاسانکاریمان هەبێت، ئەوا ئامادەین. بەڵام ئەم بابەتە بابەتێکە کە پێویستە لەلایەن ئەوانەوە چارەسەربکرێت''.
لە وەڵامی رۆژنامەوانێکدا کە ئاماژەی بەوەکرد لە لیستی ئەو داواکارییانەی کە ئەو وڵاتانە پێشکەشی قەتەریان کردووە، داخستنی کەناڵی جەزیرەشی تێدایە و پرسی ''ئایا ئەمریکا کە سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین هەڵوێستی روونە، لەوبارەیەوە هیچ قسەیەکی دەبێت؟'' گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: ''ئێمە دەمانەوێت لەو مشتومڕانەدا رۆڵێکمان هەبێت کە مایەی ئاسانکاریی بێت. بەڵام ئەو مشتومڕە پێویستە لەنێوان ئەو وڵاتانە، خۆیاندا بکرێت. هەربۆیەش تا ئەو کاتەی داواکارییەکمان لەوبارەیەوە پێدەگات، نامەوێت هیچ شتێک لەوبارەیەوە بڵێم''.
رۆژی ٥ی حوزەیران هەریەک لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن، میسر و یەمەن، ئاشکرایانکرد کە سەرجەم پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاندووە. سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن، کایەی ئاسمانیی وڵاتەکانیان بەرووی قەتەردا داخست و داوایان لە کەسایەتییە دیبلۆماسییە قەتەرییەکان کرد لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا وڵاتەکانیان جێبهێڵن. هاوکات هەریەک لە ماڵدیڤ و حکوومەتی تەبروق لە لیبیا کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە رەوایەتیی نییە و بەپشتیوانیی ژەنەراڵ حەفتەر دامەزراوە، پاڵپشتی خۆیان بۆ گەمارۆ دیبلۆماسییەکەی سەر قەتەر راگەیاند.
میدیا نێودەوڵەتییان بڵاویانکردەوە کە داواکارییەکانی هەریەک لە سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر کە ئاماژە بەوەدەکرێت لە ١٣ ماددە پێکهاتووە، لەرێگەی کوێتەوە گەیەنراوەتە حکوومەتی دەوحە.
لەبەرامبەریشدا بەرێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییەکان کە سەر بە حکوومەتی قەتەرە، شێخ یوسف بن ئەحمەد بن سەیف ئال سانی، ئاماژەی بەوەکرد هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکان کراوە و ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکان دەداتەوە.
ئال سانی تیشکی خستەسەر ئەوەی کە سەرەڕای ''هۆشدارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا کە پێویستە ئەو وڵاتانەی گەمارۆ بەسەر قەتەردا دەسەپێنن، داواکارییەکانیان مایەی جێبەجێکردن، لۆژیکی، هاوسەنگ بن و لەگەڵ واقعدا بگونجێن'' بەڵام داواکارییەکانی نێو لیستەکە ئەو مەرجانەیان تێدا نییە.