Şerife Çetin,Rewa Mahmut Hasan
21 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2018
بڕۆکسل - AA
ناتۆ لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی عەفرین لە لایەن سوپای تورکیاوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرجەم وڵاتان مافی ئەوەیان هەیە پارێزگاریی لەخۆیان بکەن.
لەو بارەیەوە بەرپرسێکی ناتۆ لێدوانی دا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو و باسی لەوە کرد کە تورکیا لەنێو ناوچەیەکی ناسەقامگیردایە و زیانی زۆری بەرکەوتووە بە هۆی تیرۆریزمەوە و دەڵێت "سەرجەم وڵاتان مافی بەرگریکردنیان هەیە لەخۆیان. گرنگە، ئەنجامدانی ئەمە بە گونجاوی و بە پێی پێوەرەکان بەڕێوەبچێت".
ئەو بەرپرسەی ناتۆ ئاماژە بەوە دەکات کە ناتۆ ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشە، بەڵام لە مەیدانی سووریادا بوونی نییە و لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە دەڵێت کە تورکیا زانیاری داوەتە وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ.
ئەو بەرپرسەی ناتۆ ئاماژەی بەوەدا کە سکرتێری گشتی ناتۆ، یەنس ستۆلتنبێرگ لە پەیوەندی نزیکدابووە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا و دووپاتیشی کردەوە کە یەنس ستۆلتنبێرگ رۆژی سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجام داوە.