Mahmut Geldi
04 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2023
جەنین - AA
ژمارەی ئەو هاووڵاتییە فەڵەستینییانەی کە لە ئاکامی پەلامارە ئاسمانیی و زەمینییەکانی ئیسرائیل بۆسەر شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ نۆ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ١٠٠ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماری نوێی پەلامارەکانی دوێنێی ئیسرائیلی بۆسەر شاری جەنین بڵاوکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لەو پەلامارانەدا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ نۆ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ١٠٠ کەس کە برینی ٢٠ کەسیان سەختە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە هاووڵاتییەکی دیکەی فەڵەستینی لە ئەنجامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیل لە شاری ئەلبیرە گیانی لەدەستداوە، بەوەیش ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ١٠ کەس.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر پەلاماردانی جەنین لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کەناراوی رۆژئاوا خۆپیشاندان سازکرا، بەتایبەتی لە شارەکانی رامەڵڵا و ئەلبیرە، ئەلخەلیل، بەیتولەحم، تولکەرم و باشووری شاری نابلوس خەڵکی رژانە سەر شەقامەکان.
سەرچاوەکانی سوپای ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە رەنگە ئەو هێرشەی بۆسەر جەنین دەستیان پێ کردووە، ٤٨ کاتژمێر بخایەنێت.